ناوی کوردی بۆ شوێن، شەقام و دووکانەکانی ورمێ قەدەغە کرا

22:15 - 12 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: گۆڕینی ناوی شەقام، کۆڵان و سەر درگای دووکانەکانی شاری ورمێ نیگەرانیی لە ڕادەبەدەری لای هاووڵاتییانی کورد دروست کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شارەوانیی ورمێ لە بەخشنامەیەکدا داوای لە تێکڕای خاوەن دووکان، کەرتە پیشەیی و خزمەتگوزارییەکانی ناو شاری ورمێ کردووە، کە دەبێ ناوی ئازەری یان فارسی لەو شوێنانە بنێن.

ئەم بڕیارەی شارەوانیی ورمێ، شوێنە گشتیەکانی نێو شاری ورمێش لەخۆ دەگرێت.

هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە کە شارەوانیی ورمێ بڕیاری گۆڕینی ناوی شەقام و شوێنە گشتییەکانی دەرکردووە، رایگەیاند؛ ئەم گەڵاڵە نوێیە بە بڕیاری ناوەندە ئەمنییەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، لەلایەن شۆرای شاری (ورمێ)وە جێبەجێ دەکرێت.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە؛ گەڵاڵەی گۆڕینی ناوی غەیرە فارسی و غەیرە تورکی لە دووکانەکان و شوێنە گشتییەکان لەلایەن مەئموورانی شارەوانییەوەو بە پشتیوانیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئەنجام ئەدرێت.

شارەوانیی ورمێ ئامانج لەو جۆرە بڕیارانەی بۆ \"بەرنگاربوونەوەی چەمک و دەستەواژەی بێگانە و پەرە پێدانی زمانی تورکی – فارسی\" گەڕاندۆتەوە.

یەکێک لە دووکاندارە کوردەکانی ورمێ بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە؛ ناوەندە حکوموەتییەکانی ئوستان بە پشتیوانی لە کەسانی توندئاژۆ کە زۆربەیان کەسانی پان تورکیستن، کوردەکانیان خستووەتە ژێر فشاری رۆحی و رەوانییەوە\".

بە وتەی ئەو کاسبکارە کوردە، تێکڕای ئەو بڕیاراتانە لەژێر ناوی \"زیندوو راگرتنی ناوە رەسەنە ئازەرییەکان\" لە ورمێ ئەنجام ئەدرێن، کە ئەمەش راستەخۆ دژایەتی کردنە لەگەڵ شناس و فەرهەنگی کوردەکان.

\"21244.jpg\"
لە یەکێک لەو تابلۆیانەدا کە ناوەکەی گۆڕدراوەو لە شەهرەکی باشووری ورمێ‌وە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، ئاماژە بە شێلگیریی مەئموورانی شارەوانی لەمەڕ پاکتاو و ژینۆسیادی فەرهەنگی لە ورمێ دەکات.

سۆران ناوێکی کوردی و ناوی یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان (عێراق)ـە کە لەو تابۆیەدا ناوەکە بۆ سۆزان گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

هەروەها ناوی گۆڕەپانی ئەیالەت (ئینقلاب) بۆ گرەپانی \"یورشاهی دروازسی\" و پارکی \"دانشجو\" بۆ پارکی \"ئیللرباغی\" گۆڕدراوە.

سەرتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیای زمانحاڵی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بڵاوی کردەوە، کە شارەوانی لە بەخشنامەیەکدا ئەو برایارەی بە خاوەن دووکانەکان راگەیاندووە، کە بە پێی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە \"ئەم کارە دووبەرەکیی لە نیوان هاووڵاتییانی کورد و ئازەریی ورمێ\"ی لێ دەکەوێتەوە.

\"21245.jpg\"
ناڕەزایەتی دەربڕینی لاوانی کوردی ورمێ لەمەڕ قەدەغەکرانی ناوە کوردییەکان
یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی کوردی ورمێ بە مەرجی پاراستنی ناوەکەی بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، تەنانەت بە قەول نوێنەرانی ورمێ لە مەجلیس قازانجیان لەو دووبەرەکی و بەرچاوتەنگییەدا هەیە و بە ئاشکرا لە میدیاکاندا کوردەکان بە شەیتان و خراپکار دەشوبهێنن.

بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، کوردەکان بە ئاشکرا لە ورمی لە هەموو بوارێکەوە خراونەتە پەراوێزەوەو بە شیوەیەک لە شێوەکان بە شێوەی بە کۆمەڵ یەخسیر کراون.

ئاماژەکانی ناوبراو بە وتەکانی نادر قازی‌پوورە، نوێنەری مەجلیسی ئیسلامیی ئێرانە کە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا روو لە هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: \"ئێمە لە دوورەوە چاوەدێریی بیری خراپەکاریی شەیتان دەکەین\".

ئوستانی \"ئازەربایجانی رۆژئاوا\" نزیک بە ٣ ملوێن کەس حەشیمەتی هەیە، هەشتەمین ئوستانی گەرەو لە رووی حەشیمەتەوە لە ئاستی ئێراندا دادەندرێت، کە لە نەتەوەی کورد، ئازەری و هەروەها ئاشووری و ئەرمەنی پێکهاتووە.

بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ٦٥%ی خەڵکی ئەو ئوستانە لە هاووڵاتیاینی کورد پێکهاتووە.
\"21238.jpg\"

\"21239.jpg\"