سەوڵاوا؛ یاسر ئەدوایی و سەلمان ئەدوایی پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی سەوڵاوا دەسبەسەر کران

03:23 - 26 خەزەڵوەر 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، یاسر ئەدوایی و سەلمان ئەدوایی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "سلێن" سەر بە شاری سەوڵاوا، پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە تاکوو ئێستا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

یاسر ئەدوایی لە مانگی جۆزەردانی ٩٩دا بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.  ناوبراو پاییزی ساڵی ١٣٩٩، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا کە دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا، بۆ ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

یاسر ئەدوایی پاش دەرچوونی حوکمی دادگای پێداچوونەوە، لە ڕێبەندانی ١٣٩٩دا بە مەبەستی جێبەجێکرانی حکومەکەی خۆی بە بەندیخانەی مەریوان ناساند و پاش کۆتاییهاتنی ماوەی حوکمەکەی ئازاد کرا.

سەلمان ئەدواییش لە بەفرانباری ١٣٩٩دا لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتیەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.