ناوچەکانی کرماشان و ئیلام لەگەڵ کەمیی مامۆستای قوتابخانە بەڕەوڕوون

19:47 - 8 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای ئەوەیکە لە ناوچەکانی کرماشان و ئیلام بەرەوڕووی نەبوونی ئیمکاناتی پەروەردەیی و قوتابخانە بوونەتەوە، لە وەرزی خوێندنی ئەمساڵیشدا لەگەڵ کەمیی مامۆستای وانە وتنەوە بەرەوڕوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی باس لە بنبڕکردن و نەهێشتنی نەخوێندەواری لە ناوچە کوردییەکان دەکەن، زۆربەی قوتابییان لە ناوچە سنوورییەکانی کرماشان و ئیلام بەهۆی بێ ئیمکاناتییەوە دەست لە خوێندن هەڵدەگرن.

داریووش قەنبەری نوێنەری مەجلیس لە ئوستانی ئیلام باسی لە کێشە و گرفتی بەردەم پەروەردە لەو ئوستانە کردووەو رایگەیاندووە؛ کەمتەرخەمیی بەرپرسان لەمەڕ ئەرک و بەرپرسیارەتییەکانی خۆیان، هۆکاری سەرەکیی وازهێنانی قوتابییان لە خوێندنە\".

ناوبراو گوتووشیەتی لە هێندێک ناوچەی ئیلام، قوتابییان بەهۆی نەبوونی قوتابخانە ناتوانن لە قۆناغەکانی ناوەندی و دواناوەندیدا درێژە بە خوێندن بدەن.

بەپێی ئامارەکانی حکوموەتی ئیسلامی، لە ئەمساڵی خوێندندا ٩ هەزار و ٦٣٨ قوتابی \"عەشایەری (هەوارنشین)\" لە ئوستانی کرماشان سەرقاڵی خویندن دەبن کە نزیک بە تێکڕای ئەو قوتابییانە، لە رەشماڵدا وانەیان پی دەگوترێتەوە.

مامۆستای یەکێک لەو قوتابخانانە بە رۆژنامەی (جامی جەم)ی راگەیاندووە، قوتابییەکان بەهۆی گەرمێن و کوێستانی بنەماڵەکانیانەوە، تەنیا ماوەی ٣ هەتا ٤ مانگ دەتوانن دەرس بخوێنن و پاشان بەرەو ناوچەیەکی دیکە کۆچ دەکەن و لە خوێندن بەجێ دەمێنن.

بە گوتەی بەرپرسی بەشی پەروەردەی عەشایەر ئیدارەی گشتیی پەروەردەی ئوستانی ئیلام ، ساڵی رابردووی خوێندنیش ٢ هەزار و ٦٣٧ قوتابیی کوڕ و کچ لە ئوستانی ئیلام لە نیو رەشماڵ و کانێکسدا سەرقاڵی خوێندن بوون.

شاخاوی بوونی ناوچەکانی کرماشان و ئیلام، کەمتەرخەمیی ئیدارەی پەروەردە لەمەڕ دابینکردنی قوتابخانە بۆ قوتابییان و هەژاری و دەستکورتیی بنەماڵە هەوارنشینەکان دابین نەکردنی کەرەسەی هاتوچۆ بۆ مامۆستایانی قوتابخانەی ناوچە هەوارنشینەکان، هۆکارە سەرەکییەکانی بەجێمانی قوتابیان لە خوێندن ئەژمار دەکرێن.