نامەی کۆتایی دوکتورای مامۆستایەکی کورد وەک باشترین بەرهەمی بواری جوغرافیای سیاسیی ئێران هەڵبژێردرا

21:20 - 16 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: نامەی کۆتایی دوکتورای مامۆستایەکی کوردی زانکۆی پەیام نووری سنە و سەرنووسەری دوو حەفتەنامەی \"چرۆ\" وەک باشترین بەرهەمی بواری جوغرافیای سیاسی و ژیۆپۆلێتیکی ئیران هەڵبژێردرا.

تێزی دوکتورای ئەسکەندەر مورادی مامۆستای زانکۆی پەیام نووری شاری سنە لە ژێر ناوی \" ژیۆپۆلێتیک و گفتوگۆ، ئاوڕدانەوەیەک زانست و دەسەڵات\" لەلایەن ئەنجومەنی زانستیی ژیۆپۆلێتیکی ئێران وەک باشترین بەرهەم لە بواری جوغرافیای سیاسی و ژیۆپۆلێتیک لە ئێران ناسرا.

ماڵپەڕی کوردپرێس بڵاوی کردەوە، ئەو مامۆستایەی زانکۆ رێکەوتی ١٠ی بانەمەڕ لە زانکۆی خاڕەزمی لە شاری تاران و لە سمیناری میلیی جوغرافیادا خەڵات کراوە.

ئەسکەندەر مورادی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لە شاری سنە لە دایک بووە و ساڵی ١٣٩٠ لە زانکۆی تاران وەک نەفەری یەکەمی ئەو زانکۆیە خوێندنی تەواو کردووە و هەنووکە وەک مامۆستای زانکۆی پەیام نووری شاری سنە و لێژنەی زانستیی ئەو زانکۆیە کار دەکات.

ئەنجومەنی ژیۆپۆلێتیکی ئێران ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی لە ئێران دامەزراوە و لە بوارەکانی جوغرافیای سیاسی، ژیۆپۆلێتیک و بابەتە سیاسییەکاندا چاڵاکی دەکات.