نامەی چالاكانی سیاسیی و مەدەنی كوردستانی ئێران بۆ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان

12:45 - 8 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: ژمارەیەك لە چالاكانی سیاسیی و مەدەنی بە نووسینی نامەیەكی سەرئاواڵە، داوایان لە بەرپرسانی پایەبەرزی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كە چیدیكە میوانداریەتیی سەحراروودییەكان نەكەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دوابەدوای سەردانی هەیئەتی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان و هاوڕێیەتی یەكێك لە ئەندامانی تیمی تیرۆری دكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەو هەیئەتەدا، رۆژنامەنووسان و ئەندامانی ئەو حیزبە لە كوردستانی عێراق لە نامەیەكدا پەرچەكرداریان بەو سەردانە نیشان دا.

لە نامەكەدا هاتووە: پێوەندیی دیپلۆماتیكی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران شتێكی ئاساییە بەڵام هاوكاتیش دەبێ‌بەرپرسانی هەرێم ئاگاداری ئەوە بن كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەمبەر بیروڕای گشتیی پارچەكانی دیكەی كوردستاندا بەرپرسیارە.

دەقی نامەكە بەم چەشنەیە:

بەڕێزان:


سەرۆكی هەرێمی كوردستان
سەرۆك‌وەزیرانی هەرێمی كوردستان
سەرۆكی پارڵەمانی هەرێمی كوردستان
مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
سڵاوێكی برایانە،

پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران، بە هۆی سنوورێكی بەرفراوانی نێوان هەرێمی كوردستانی باشوور، لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران و سیاسەتی پاوانخوازی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی‌نێوەڕاست و عێراقدا شتێكی پێویستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراوە فەرمییەكانی كوردستانی باشوور لە بەرانبەر ڕای گشتی و بیری نەتەوەیی و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی هەر چوارپارچەی كوردستاندا بەرپرسن.

شێوەی پێشوازی كردن و پێشوازی كردن لە وەفدێكی سیاسی كە یەكێ لە ئەندامانی نێو ئەو وەفدە وەكوو تاوانبارێك لە تێرۆری شەهید دوكتور عەبدورلڕەحمانی قاسملوودا ناسراوە دەبێتە هۆی ئەوەی دڕدۆنگی لە نێوان دوو پارچەی نیشتمان ساز بێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەستی تاكی كورد بە گشتی بریندار دەكا و ئەمەش دەبێتە هۆی ساز بوونی كەلێنێك لە مابەینی جەماوەری دوو پارچەی كوردستاندا، هەر بەوەندەش راناوەستێ و تاكی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات تووشی گومان لە دەسەڵاتی كوردی لە كوردستانی باشوور دەكا.

بەبێ‌گومان دڕدۆنگی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دەسەڵاتداری كوردستانی باشوور تەنیا ئاشی كۆماری ئیسلامی پێدەگەرێ و هیچیتر، بە هۆی ئەوەی سەردانی كەسانی وەكوو سەحراڕوودی هەستی نەتەوەی كوردی ڕرۆژهەڵات بریندار دەكا و پێگەی دەسەڵاتی كوردی باشووریش لە نێوجەماوەری ڕۆژهەڵاتدا لاواز دەكا. داواتان لێدەكەین چیتر ڕێگە مەدەن كەسانی هاوشانی سەحراڕوودی كە لە سەركوتی خەباتی ڕۆژهەڵاتدا دەستیان بووە بە فەرمی سەردانی كوردستانی باشوور بكەن.

چالاكڤانانی سیاسی و مەدەنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (كەمپەینی یەكی بەفرانبار)