نامەی ناوەندی منداڵپارێزیی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ بان كی مون

14:18 - 15 رەشەمه 2711
كوردپا: ناوەندی منداڵپارێزیی رۆژهەڵاتی كوردستان لە نامەیەكی گلەمەندانەدا بۆ بان كی مون باسی لە كوشتار و ستەمی كێشە ناوخۆییەكانی سووریە كردووە كە لەسەر منداڵانی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت.

نوسخەیەك لەو نامەیە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە.
دەقی نامەكە:
\"بەڕێز جەنابی بانكی مون، سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان!
ئێمە ناوەندی منداڵپارێزی رۆژهەڵاتی كوردستان دڵنیاین كە جەنابت ئاگاداری وەزعی سووریە هەی و دەزانی كە چەندە غەدر لەو خەڵكە بێتاوانە و بەتایبەت منداڵانی ئەو وڵاتە دەكرێ.
ئێمە كارمان بە سیاسەت نیە و دەزانین كە ئەو كێشانەش كە هەن پەیوەندی‌یان بە منداڵانەوە نیە. ئەی باشە منداڵان چ تاوانێكیان هەیە كە لەم ناوە دا دەبنە قوربانی و گیانیان لەدەست دەدەن؟
خۆ منداڵانی سوریە توانای ئەوەیان نیە كە چەك بەدەستەوە بگرن وبێنە ناو شەقامەكان بۆ بەربەرەكانیی هێزە ئەمنیەتی‌یەكانی سووریە. ئەی بۆچی ئەو منداڵە بێتاوانانە گیانیان لەدەست دەدەن و بە بێتاوان خوێنیان دەڕژێتە سەر شەقامەكانی شارەكانی سوریە ؟
ئێمە هەقمانە بپرسین:
مەگەر ئەركی یونیسێف پشتیوانی لە منداڵانی گشت جیهان نیە؟ ئەی بۆچی لەو بارەیەوە كارێك ناكا؟
جەنابی بانكی مۆن، لە بەشار ئەسەد و سەرانی ڕێژیمەكەی بپرسن مەگەر خۆیان منداڵیان نیە تا حاڵی دایكان‌و باوكانی منداڵكوژراوی سووریە تێ‌بگەن؟ پێیان بڵێن كە منداڵانی سوریە لە ئاشتی دا گەشە دەكەن و پێویستی‌یان بە هێمنی و ئاسایش هەیە.
باشترین ئاواتەكانمان بۆ سەركەوتن لە ئەركەكانی سەرشانتاندا قبووڵ بكەن\".

ناوەندی منداڵپارێزیی رۆژهەڵاتی كوردستان
یەكی مارسی 2012