نامەی سەرئاوەڵای گوڵ ڕوخ ئیبراهمی بۆ زەینەب جەلالیان

15:24 - 23 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: گوڵڕوخ ئیبراهیمی هاوژینی زیندانی سیاسی ئارەش سادقی کە بۆ خۆیشی یەکێک لە ژنە زیندانی کراوەکانی ئێرانە لە نامەیەکی سەر ئاوەڵا بۆ زەینەب جەلالیان کچە زیندانی کورد لە ژێرناوی\" ئێمە لە شوێنی دروستی مێژوودا ڕاوەستاوین\" پشتیوانی خۆی بۆ ئەو کچە زیندانییە سیاسیە دەربڕیوە.

گوڵڕوخ ئیبراهیمی لەم نامەیەدا بۆ زەینەب جەلالیان نووسیویەتی: تۆ سیمبۆلی وەچەیەکیت کە لە ژێر سەرکوت و لێدانی کۆنەپەرستان و فاشیزمدا هەناسە هەڵدەمژی و هێشتا هەر زیندووی و هەروەها هیواداری بە داهاتوو.

بیر لە خۆڕاگریت دەکەمەوە کە هیچ کات سەرت نەوی نەکرد لە بەرانبەر ئەو گوشارە زۆرە کە دەیانویست بە ئەژنۆت دا بهێنن، بەڵام تۆ بەهێزتر بووی.

ئەم بەهارەم بە یادی تۆ کە ١١ەهەمین بەهارت لە زینداندا تێپەڕاند دەست پێدەکەم، بیر لە خۆڕاگریت دەکەمەوە، بیر لەو ماوەیە دەکەمەوە کە لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە رۆحی و رەوانییەکان لە ژووری تاکەکەسی دابووی و وەبیر نەچوون بۆ مەرەخەسی و بێبەش کردنت لە مافی دەوا دەرمان دەکەمەوە.

ئێمە لە شوێنی دروست و باشی مێژوودا راوەستاوین، تەنانەت ئەگەر چەواشەمان بکەن، ئیزن بدە با ئاڵای درۆ و چەواشەیان بشکەێتەوە ئێمە \"ناخمان\" هەیە و باوەڕێکی هەتا هەتایی.

ئیزن بدە با وەک \"مریەم ئەکبەری مۆنفەرێد\" منداڵەکانمان لە باوەش بستێنن و ماوەیەک بێبەشمان بکەن لە مافی بینینی منداڵەکانمان و سۆزی دایکایەتی، با وەک شارام ئەحمەدی لە سینگی گۆڕستان دوور لە زێدی دایکی ئەسپەردەی خاکمان کەن، با وەک مەجید ئەسەدی پاش تێپەڕاندنی ماوەی دستبەسەر کردنەکەی، بیبەن بۆ ناکجائاباد، ئیزن بدە با هێرش بکەنە سەر ماڵەکانمان. ئێمە لە شوێنی دروستی میژوودا ڕاوەستاوین.

زەینەب جەلالیان خەڵکی شاری ماکۆ لە پاریزگای ورمێ، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی بە تۆمەتی\"محاربە\" و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە لایەن دەزگای قەزاییەوە بە ئێعدام و دواتر بە زیندانی هەتا هەتایی مەحکووم کرا.

گوڵڕوخ ئیبراهیمی، هاوژینی ئارش سادقی، لە ٣ی خەزەڵەوەری ساڵی ٩٥ی هەتاوی، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری تاران بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.