نامەی سەرئاوەڵای دوو زیندانیی کورد بە بۆنەی گیانلەدەستدانی کۆڵبەران

15:02 - 27 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا، هاوخەمیی خۆیان بۆ بنەماڵە و کسوکاری کۆڵبەرانی کوژراو دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەعید شێرزاد و زانیاری مورادی، دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری کەرەج، داوای موحاکمە و سزادانی ئەو کەسانەیان کردووە کە تەقەیان لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد کردووە.

لە نامەی سەرئاوەڵای ئەو دوو زیندانییە کوردەدا هاتووە؛ \"بەشی خەڵکی کوردستان، کوژرانی کۆڵبەران و هەژاری و بێکارییە و ڕۆژانە شایەتی کرێکارانی کوژراو \"کۆڵبەران\" لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دەبین\".

لە بەشێکی ئەو نامەیەدا هاتووە؛ \"بارودۆخی پێکهاتوو لە کوردستان بەشێک لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ناوەندیی ئێرانە، کە ناوچە سنوورییەکانی لە بواری ئابووریییەوە بێبەش کردووە و بە ئەمنیەتی‌ترین شێوە ئەو ناوچەیە ئیدارە و کۆنتڕۆڵ دەکات\".

لە بەشێکی دیکەی نامەی ئەو دوو زیندانییە سیاسیە کوردەدا ئاماژە بە سەرچاوە سروشتی و ژێرزەوییەکان کراوە و هاتووە؛ \"بە هۆی پەیڕەو کردنی ئەو شێوە سیاسەتە، کەمترین بایەخ بە پەرەسەندنی ئابووری و پیشە لە کوردستان نەدراوە\".

بەشێکی دیکەی ئەو نامەیە تەرخان کراوە بۆ تەقەی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە کۆڵبەران و کاسبکاران کە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن کە لە نێویاندا، منداڵ، ژن، پیاوی بە تەمەن و خوێندکاری زانکۆ بەرچاو دەکەوێت.

لە نامەکەی سەعید شێرزاد و زانیار مورادی‌دا هاتووە، سەرەڕای دروشمەکانی دەوڵەت سەبارەت بە پەرەپێدان و کردنەوەی ناوچەی ئازادی تیجاری، بەشی کوردستان هەروەکوو ڕابردوو، کوژرانی کۆڵبەران، هەژاری و بێکارییە.

ئەوە تەنیا دیاردەیەکی کاتی نییە، بەڵکوو پرۆژەیەکی سیاسی، نیزامی و ئەمنیەتیی درێژەخایەنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانە.

لەو نامەیەدا هەروەها ئاماژە بە ناوچە سنوورییەکانی ئێران، وەک خووزستان و پارێزگای سیستان و بەلووچستان کراوە.

لە کۆتایی نامەی ئەو دوو زیندانییە سیاسیە کوردەدا هاتووە، \"ئێمە دوو کەس لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، هاودەردی و هاوخەمیی خۆمان لە گەڵ بنەماڵەی کرێکاران و کۆڵبەران دەردەبڕین و بە توندترین شێوە ئەو کردەوە مەحکووم دەکەین و داوای سزادانی بکوژانی کۆڵبەران و کاسبکارانی کوردین.