نامەی سەرئاوەڵای بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی بۆ عاسیمە جەهانگیر: ئاگامان لە چارەنووسی کوڕەکەمان نییە!

15:10 - 20 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی لە پەیوەندیی لەگەڵ چارەنووسی ناڕوونی ڕامین حوسێن‌پەناهی دووهەمین نامەی خۆیان بۆ عاسیمە جەهانگیر، ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری مافی مرۆڤ لە ئێران نارد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕامین و ئەفشین حوسێن‌پەناهی زیاتر لە ١١٠ ڕۆژە لە گرتووخانەی هێزە ئیتلاعاتییەکان دەسبەسەرن و بنەماڵەی ئەو دوو چالاکە کوردە، بە نووسینی نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ عاسیمە جەهانگیر، باسیان لە دوایین بارودۆخی کوڕەکانیان کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، دوو خۆشکی ڕامین حوسێن‌پەناهی، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ کۆڕ و کۆمەڵگای مافی مرۆڤی جیهانی و کوردستان بڵاو کردبووەوە.

لەو نامە سەرئاوەڵایەدا، خۆشکانی ڕامین حوسێن‌پەناهی داوایان لە بەرپرسانی باڵای شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوەندەکانی داکۆکیی لە مافی مرۆڤ و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان کردووە، کە بە نیسبەت بارودۆخی ڕامین حوسێن‌پەناهی هەڵویست بگرن و لە ئەگەری ڕوو دانی کارەساتێک لەو بنەماڵەیە پێشگیری بکەن.

دەقی تەواوی نامەی سەرئاوەڵای بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی بۆ عاسیمە جەهانگیر، لە بەشی فارسی ئاژانسی کوردپا دایە.