نامێق مەحموودی پاش ٣٣ رۆژ ئەشکەنجە رەوانەی رەجایی شار کرایەوە

02:44 - 26 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: نامێق مەحموودی پاش ٣٣ رۆژ راگیران و ئەشکەنجەی بەردەوام لە ژوورە تاکە کەسییەکانی زیندانی ئیتلاعاتی شاری سنە، رەوانەی زیندانی رەجایی شاری کەرەج کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٥ی خەرمانان نامێق مەحموودی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز کە رێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژ بەمەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ ئیتلاعاتی شاری سنە (شەهرامفەر) راگوێزرابوو، سەرلە نوێ بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج گەڕێندرایەوە.

یەکێک لە زیندانیانی رەجایی شاری کەرەج بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، نامێق بەهۆی ئەشکەنەوە باری تەندروستی ناجێگیرە و ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیارە.

ئەو زیندانییە ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە زەبری ئەشکەنجە ویستوویانە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە گەل یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" بخەنە پاڵ ئەو زیندانییە کوردە، بەڵام ناوبراو سەرجەم تۆمەتەکانی رەت کردۆتەوە.

نامێق مەحموودی تەمەن ٦٢ ساڵ و خەڵکی گوندی ئێرانشای سەربە شاری سەقز خاکەلێوەی ساڵی ٩١ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر رەوانەی زیندانی رەجایی شاری کەرەج کرا، ناوبراو لەو ماوەیەدا بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەتییەکان و مەئموورانی زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە یەکێک لە چاوەکانی لەدەست داوە.

دەگوترێت کە چەند رۆژ پێش ئێستا برایەکی و هەروەها یەکێک لە کوڕەکانی نامێق مەحموودی دەستبەسەر و پاش لێکۆڵینەوە لەمەڕ پەروەندەی ناوبراو، ئازاد کراوون.