نامیق مەحموودی لەزیندانی ناوەندیی شاری سنە راگیراوە

21:16 - 20 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: نامیق مەحموودی زیندانیی کوردی خەڵکی ناوچەی سەقز کە کۆتاییەکانی مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٩٢ لەزیندانی رەجایی شاری کەرەج راگوێزرا، هەنووکە لەزیندانی ناوەندیی شاری سنە لە دەستبەسەری دایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نامیق مەحموودی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی ئێرانشای سەربە ناوچەی تیلەکۆی شاری سەقز، کە رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا، هەتا ئێستا بە شێوەی \"بیلاتەکلیف\" لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا راگیراوە.

\"19883.jpg\"
نامیق مەحموودی هەنووکە لەزیندانی ناوەندیی شاری سنە لە دەستبەسەری دایە
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵنێری کوردپا گوتی: بنەماڵەی نامیق مەحموودی هەر دوو حەفتە جارێک سەردانی باوکیان دەکەن، بەڵام بەهۆی دەستکورتییەوە نەیانتوانیوە پارێزەر بۆ باوکیان بگرن، بۆیە بە دروستی لەرەوتی پەروەندەکەی ئاگادار نین.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، نامیق مەحموودی لەماوەی رابردوودا لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە دادگایی کراوە و هەنووکە چاوەڕێی دەرکرانی حوکمی دادگا دەکات.

ئەوەشی خستەروو، دادگا پارێزەرێکی تەسخیری بۆ پەروەندی نامیق مەحموودی گرتووە و بڕیارە دادگای شاری سنە پەروەندەی ئەو زیندانییە کوردە بۆ دادگای مەریوان بەڕێ بکات و بە تۆمەتی بەزاندنی \"نایاسایی سنوور\" لەوێش دادگایی بکرێت.

نامیق مەحموودی تەمەن ٥٩ ساڵ، پێشتریش لە رێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا لەزیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ ئیتلاعاتی شاری سنە راگوێزرابوو کە پاش ٣٣ رۆژ لێپرسینەوەو ئەشکەنجە، سەرلەنوێ بۆ ئەو زیندانە گەڕێندرابوویەوە.

هەروەها بە وتەی هاوبەندییەکانی نامیق مەحموودی، پێشتریش دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو زیندانییە بەساڵاچووە کوردەی بە موحارب ناساندبوو.