نالەباریی رێگەوبانی بانە کوژراو و برینداربوونی سێ هاووڵاتیی لێکەوتەوە

15:47 - 18 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی ناڵەباریی رێگەی سەیرانبەند بۆ شاری بانە، هاووڵاتییەک گیانی لەدەست دا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە ئێوارێی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٧ی بەفرانبار، لە رووداوێکی ماشێندا کەسێک بەناوی \"ئەنوەر\" کوڕی حاجی مەجیدی خەڵکی سەیرانبەند گیانی لەدەست دا و هاوسەرەکەشی بەتوندی بریندار بووە.

هەواڵنێری کوردپا لەشاری بانەوە رایگەیاند، هاوکات لەو رووداوەدا شۆفیری ئەو ماشێنەش بەناوی لوقمان تەمەن ٢٦ ساڵ، کوڕی عەلی و خەڵکی گوندی \"هەنگەژاڵ\"ی ناوچەی بانە بەتوندی بریندار بووە و هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری بانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

دەگوترێت، ئەو رووداوە کەلە نزیک گوندی خوڕیاوا هاتۆتە ئاراوە و بەهۆی نالەباریی ئەو جادەیە بووە و لەماوەی سالانی رابردوودا دەیان رووداوی هاتووچۆ لەو شوێنە هاتوونەتە ئاراوە.

لە رۆاژانی رابردوودا فەرماندەی پۆلیسی ئوستانی کوردستان رایگەیاندبوو، ئاماری مردنی هاووڵاتییان لە ئەنجامی رووداوی هاتووچۆدا ١٦% زیادی کردووە.

هەروەها بەرپرسی پزیشکی دادوەریی ئوستانی کوردستان باسی لەوە کردبوو، کە لە ماوەی ٨ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٣٠٠ هاووڵاتی لە ئەنجامی رووداوی هاتووچۆ لە نیوان جاددەکانی ئوستانی کوردستاندا گیانیان لەدەست داوە کە ٢٢٩ کەسیان پیاو و ٧١ کەسیان ژن بوون.