ناسەقامگیری دۆخی ئەمنیەتیی شارە کوردنشینەکانی ئێران

14:55 - 16 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری ساڵڤەگەڕی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی گەلانی ئێران، زۆربەی شارە کوردنشینەکانی ئێران خراونەتە ژێر چاوەدێریی توندی ئەمنیەتییەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا و بە هۆی نزیک بوونەوە لە ٢٢ی رێبەندان، زۆربەی شارە کوردنشینەکانی ئێران بە هێزێکی زۆری نیزامی میلیتاریزە کراون و سەرجەم هاتوچۆی هاووڵاتییان لە ژێر چاوەدێریی ئەو هێزانە دایە.

هاوکات لە شاری روانسەر لە ٦ شوێنی سەرەکیی ئەو شارە وەک: مەیدانی هەورامان، مەیدانی \"زمین شهری\"، سێ رێیانی سەرەکیی شار کامێرای چاوەدێری دانراوە و بەشێوەی چڕوپڕ جوولە و بزاوتی هاووڵاتییان کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

\"10982.jpg\"
لەلایەکی دیکەوە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٥ی رێبەندان دۆخێکی ئەمنیەتی باڵی بەسەر شاری سنەدا کێشابوو و هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شوێنە گشتی و شەقامەکانی وەک: مەیدانی ئازادی و ئینقلاب، شەقامەکانی چوار باخ و ٦ی بەهمەن\" جێگر کراون و هەموو جۆرە جموجۆڵێکی هاووڵاتییان کۆنتڕۆڵ دەکەن.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەبەرەبەری ٢٢ی رێبەنداندا لە هەندێک لە گوندەکانی کوردستان بەمەبەستی راکێشان و هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەشداری لە رێپێوانەکاندا، خواردەمەنی و جلوبەرگی خۆڕایی بەسەریاندا بڵاو دەکاتەوە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا زۆربەی لێپرسراوانی ئەمنیەتی و نیزامیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ دروست بوون و سەرهەڵدانی هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکی هاووڵاتییان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیبوو و لەو پەیوەندییەدا بەرپرسی گشتیی هێزە ئینتزامییەکان رایگەیاندبوو دوژمنان بە کەڵک وەرگرتن لە بارودۆخی ناسەقامگیری ئابووری، دەیانهەوێ ئاڵۆزی لە وڵاتی ئێراندا پێک بێنن.