ناسنامەی یەکێک لە سەرەکیترین ئەشکەنجەگەرەکان لە ورمێ ئاشکرا بوو

16:15 - 15 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: ناسنامەی یەکێک لە مۆرە سەرەکییەکانی ئەشکەنجە، سەرکوت و کوشت‌وبڕی هاووڵاتیانی کورد لە پاریزگای ورمێ کە ماوەی چەندین ساڵە لەو پاریزگایە سەقاڵی کردەوەی دژە مرۆییە، ئاشکرا بوو.

بەپێی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران، جهانگیر نێعمەتی تەمەن ٥٠ ساڵ، بەرزی باڵا ١٦٥ Cm، چاو بچوک و مەیلە و رەش و خەڵکی \"مەحمەدیار\"ی سەربە شاری نەغەدە، یەکێک لەو جینایەتکارانەیە کە ماوەی چەندین ساڵە دەستێکی باڵای لە ئەشکەنجە و سەرکوتی هاووڵاتیان و زیندانیاندا هەیە.

جهانگیر نێعمەتی پلەی سەرهەنگ تەواوی سپای پاسدارانی هەیە و ئێستا جێگری \"حیفازەت و ئیتلاعات\" و بەپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای ورمێی لە ئەستۆیە.

ئێستا ناوبراو بەرپرسی گرتووخانەی نهێنیی ٨١ی رەمەزانی سەربە سپای پاسداران لە \"پارێزگای ورمێ\"یە، ئەو گرتووخانەیە لە نیوان لەشکری \"سید الشهدا\" و پادگانی \"المهدی\" و لە ژێر کۆنتڕۆڵ و چاوەدێریی ئەشکەنجەگەر و بازجووەکانی سپای پاسداران دایە.

\"10570.jpg\"
جهانگیر نێعمەتی یەکێک لە بەرپرسانی سەرەکیی سەرکوت لە پ\"اریزگای ورمێ\"یە و لە ساڵەکانی ٦٠ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا دەستی لە سەرکوت، ئەشکەنجە، دروست کردنی دۆسیەی بێ بنەما و دوور لە راستی بۆ هاووڵاتییان و بەتایبەت زیندانیانی سیاسیدا هەیە.

هەروەها ناوبراو یەکێک لە سەرەکیترین ئەشکەنجەگەرەکانی گرتووخانەی نهێنیی ٨١ی رەمەزانە و زۆربەی کاتەکان زیندانیانی سیاسی هەتا سەر مەرگ ئەشکەنجە دەکات.

جهانگیر نێعمەتی بەمەبەستی ئەشکەنجەی دەروونی زیندانیانی سیاسیی ژن و منداڵدار بە کەڵک وەرگرتن لە هەڕەشەی جۆراوجۆر هاوسەری زیندانیان ناچار بە جیابوونەوە لە مێردەکەی خۆی دەکات.

زۆربەی زیندانیانی سیاسیی ناو زیندانی ورمێ ماوەیەکی زۆر لە گرتووخانەی نهێنیی ٨١ی رەمەزاندا بوون و لەوێدا بە دڕندابنەترین شێوە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراون.

زۆربەی دەستبەسەر کراوان لە سەرەتای دەستبەسەر کردنیانەوە ماوەیەکی زۆر لەو گرتووخانە نهێنییەدا لە ژێر ئەشکەنجەدا بوون و دواتر بۆ زیندانی ورمێ یان زیندانەکانی دیکە دەگوازرێنەوە و هەتا ئێستا هیچکام لەو زیندانیانە لە شوێنی راگیرانی خۆیان ئاگادار نەبوون.