ناستانداردیی زانکۆی عیلمی ـ کاربوردیی سنە برینداریی حەوت كچە خوێندکاری لێکەوتۆتەوە

15:08 - 26 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی کەمتەرخەمیی و نابەرپرسیارەتیی سەرپەرست و بەرپرسانی خەوتنگەی کچە خوێندکارانی زانکۆی \"عیلمی ـ کاربوردیی سنە\"، لە کەمتر لە سێ مانگدا حەوت کچە خوێندکار تووشی رووداو و برینداری بوونە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە ماوەی نێوان تێرمی رابردوودا هەتا ئێستا حەوت کچە خوێندکار لە خەوتنگەی زانکۆی \"عیلمی ـ کاربوردیی سنە بەشی بێهزیستی\" بەهۆی نابەرپرسیارەتیی سەرپەرست و بەرپرسانەوە تووشی برینداری و رووداو بوونە، کە ٥ کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

بەوتەی یەکێک لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە، لە رۆژانی رابردوودا، کچە خوێندکارێک بەناوی \"هەوار مەحموودی\" بەهۆی خراپیی تەختەی خەوەکەی، لە تەختەکەی بەربۆتەوە و تووشی شکانی ئەندامانی لەشی بووە و رەوانەی نەخۆشخانە و ژووری نەشتەرگەری کراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ لە کاتێکدا بنەماڵەی هەوار بەدواداچوونیان بۆ ئەو رووداوە کردووە، بەرپرسی زانکۆ و حەراسەت بێ ئاگایی خۆیان لەو رووداوە راگەیاندووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسانی زانکۆ بە بنەماڵەی هەوار مەحموودی‌یان راگەیاندووە، \"پێویست بە نیگەرانی ناکات، چونکە زانکۆ تێچووی نەخۆشخانە و نەشتەرگەریتان پێ ئەداتەوە\"، کە ئەمە نێگەرانیی و ناڕەزایەتیی بنەماڵەی ئەو کچە خوێندکاری لێکەوتۆتەوە.

هەروەها باسی لەوەش کرد، سەرپەرست و بەرپرسانی زانکۆ پاش هەر رووداوێکی لەم چەشنە، نە تەنیا بەڵێنیی باش کردنی دۆخی خەوتنگە بە خوێندکاران نادەن، بەڵکوو هۆکاری هاتنە ئارای ئەم رووداوانە بۆ کەمتەرخەمیی خوێندکاران دەگەڕێننەوە.