مەهاباد/ حوکمی ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ رۆژنامەنووسێکی کورد

15:06 - 15 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: رۆژنامەنووسیکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی ٤ ساڵ زیندنایی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"قاسم ئەحمەدی\" رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو رۆژنامەنووسە کوردە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر و پاش ١٦ رۆژ لە دەستبەسەر کران بە سپاردنی بارمتەیەکی ٥٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

\"14399.jpg\"
قاسم ئەحمەدی، رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.
قاسم ئەحمەدی یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی و هەروەها سەرنووسەری پێشووی وەرزنامەی خوێندکاریی \"رۆژەڤ\" بوو کە لە زانکۆی تاران بڵاو دەکرایەوە، ئەو وەرزنامەیە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن بەرپرسانی کاروباری فەرهەنگیی زانکۆی تارانەوە پێش بە وەشانی گیرا.

لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی رۆژنامەنووسانی کوردا، مەسعوود و خوسرەو کوردپوور لە رۆژانی ١٧ و ١٩ی مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هەروەها بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، تەنیا لە مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا، ٦٦ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ‌هێـزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو ئامارە ١٦ کەس لەو دەستبەسەر کراوانە چالاکانی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسانی کورد بوون کە لەلایەن ‌هێـزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.