مەهاباد؛ سێ هاووڵاتیی ناڕازی بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان کوژران
ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەر، سێ هاووڵاتیی ناڕازی بە ناوەکانی "کوبرا شێخە"، "زانیار ئەبووبەکری" کوڕی سوڵتان و "شاهۆ خزری"، لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری مەهاباد، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانیان لەدەست دا.
پاش بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی بەخاکسپاردنی "ئیسماعیل مەولوودی" کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر لە گەڕەکی "بەری شیلانـ"ـی مەهاباد، بەتەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان کوژرابوو، سەدان هاووڵاتیی ناڕازی بە نیشانەی دەربینی ڕق و تووڕەیی خۆیان ڕژانە سەر شەقامەکان.
هاووڵاتییانی ناڕازی لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، هەندێک لە ئۆرگان و نووسینگەکانی حکوومەتیی لەو شارەیان، ئاگردا و شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەتییەکان و هاووڵاتییانی ناڕازی لە شاری مەهاباد، هاتە ئاراوە.
لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، هاووڵاتییانی ناڕازی دروشمی توندیان دژی حکوومەتی ئێران و هێزە خۆجێیەکانی سپای پاسداران دا.
ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەر، ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی جەنازەی ئیسماعیل مەولوودی تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی عەبدولقادر خەڵکی شاری مەهاباد، بە بەشداری سەدان هاووڵاتیی بەڕێوە چوو و کۆبوونەوەیەکی گەورەی ناڕەزایەتی لێ کەوتەوە.