مەهاباد؛ دوو هاووڵاتی بە دانانی بارمتە ئازاد کران

10:38 - 18 بەفرانبار 2721

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "لوقمان مەولانی"، تەمەن ٤٠ ساڵ و "خەمان ئەحمەدی"، تەمەن ٣٨ ساڵ، خەڵکی گوندی "بەیتاس" و دانیشتووی مەهاباد، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە هەر کامەیان بە بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی مەهاباد ئازاد کران.

ناوبراوان پاش کۆتایی لیپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرابوون.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی سەرماوەز، لوقمان مەولانی بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی سەرماوەز، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەتییەکان خەمان ئەحمەدییان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە و ناوبراویان بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ ڕاگواستبوو.

ئەو دوو هاووڵاتییە خێزاندار و خەمان ئەحمەدی خاوەن دوو منداڵە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو دوو هاووڵاتییە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.

وێنە: لوقمان مەولانی و خەمان ئەحمەدی