بۆکان؛ دەستپێکردنی پیشانگای کتێبی کوردیی منداڵان و بەرهەمە شێوەکارییەکان بە ئامانجی پەرەپێدانی هۆنەر و کتێب خوێندنەوە

10:40 - 9 پووشپەڕ 2726

٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ پیشانگای کتێبی کوردیی منداڵان و بەرهەمە شێوەکارییەکان بە هیمەتی دامەزراوەی پەروەردەیی "سەربەخۆ" لە شاری بۆکان دەستی بەکار کرد و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، تا ڕۆژی چوارشەممە، بە ئامادەبوونی ئەدیبان و ڕۆشنبیران بەردەوام دەبێت.

ئەم پیشانگایە ڕۆژی دووشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥ دەستی پێکردووە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. ڕۆژی یەکەمی بەڕێوەچوونی، لەگەڵ پێشوازییەکی بەربڵاوی خەڵک، بەتایبەت منداڵان و مێرمنداڵان بەرەوڕوو بوو. هەروەها کەسانێک لە شارە جیاوازەکانی کوردستانەوە بۆ بەشداریکردن لەم پێشانگایەدا ئامادە بوون.

ئەم پیشانگایە کتێبە کوردییەکانی منداڵان و بەرهەمە هۆنەری و شێوەکارییەکان لەخۆ دەگرێت کە بە ئامانجی پەرەپێدانی کولتووری کتێب خوێندنەوە، پشتگیریکردن لە هۆنەرمەندان و نووسەران، و دروستکردنی پەیوەندیی زیاتر لە نێوان هۆنەر، ئەدەبیات و کۆمەڵگەدا بەڕێوە دەچێت.

ڕێکخەران بانگهێشتی هۆگرانی کردووە کە بە ئامادەبوونیان لەم پیشانگایەدا، سەردانی کتێب و بەرهەمە هۆنەرییەکان بکەن و پشتگیری لە چالاکییە کولتوورییەکان بکەن.

لەم پیشانگایەدا، شێوەکاری و بەرهەمە هونەرییەکانی "ئەردەڵان غوڵامی"، هونەرمەندی شێوەکار، ناسێندراوە. ئەو لەدایکبووی خوڕەماوایە، لە منداڵییەوە خولیای شێوەکاری بووە و ساڵانێکە بە شێوەی پرۆفیشناڵ لەم بوارەدا چالاکی دەکات. بەشێکی پێشانگاکە بۆ خستنەڕووی بەرهەمە هۆنەرییەکانی ئەو تەرخان کراوە.

بەشێکی تری پێشانگاکە بۆ ناساندنی "سووسەن حەسەن‌زادە"، مامۆستا و نووسەری زمانی کوردی تەرخان کراوە. لە ناساندنی ئەودا هاتووە کە ساڵانێکە لە بواری فێرکاریی زمانی کوردیدا چالاکی کردووە، چەندین کتێبی فێرکاریی بۆ منداڵان و گەورەساڵان داناوە و لە چالاکی فەرهەنگیی بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردی دێتە ئەژمار.

ئەم پیشانگایە بە ئامادەبوونی ئەدیبان و ڕۆشنبیرانی وەک "ئاسۆ نەجاری". "دکتۆر عەلی مورتەزا"، "دکتۆر ئەحمەد غوڵامی"، " فواد ساوانی"، "مەمەد ڕەسووڵ‌نیا"، "نیازی ناسری" و "دکتۆر ئیمان کەریم‌وەند" تا ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت.

پیشانگاکە لە شاری بۆکان، شەقامی ٥٥، کۆڵانی کاوانی ١، بەڕێوە دەچێت.