مەهاباد؛ دوو هاووڵاتی بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان پێکران
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "مەسعوود فەرەجزادە" و "فایەق مامقادری" خەڵکی شاری مەهاباد، لە ڕەوتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەو شارە، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان، بە سەختی بریندار کران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماشیندا بوون و هێزە ئەمنییەتییەکان لە شەقامی "ئیستقلال"، سەرەتای شەقامی حەسەنزادە، ئاگاداری ڕاوەستانیان پێ دەڵێن و پێش ڕاگرتنی ماشینەکە، هێزە ئەمنییەتییەکان تەقەیان لەو دوو هاووڵاتییە کردبوو.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "مەسعوود فەرجزادە" بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە سکی بریندار و "فایەق مامقادری"، سەر و پشتی لەو ڕووداوە، بریندار کراوە.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش تەقە کردن لەو دوو هاووڵاتییە و بریندارکردنی ئەوان، دەستیان بە لێدانی ئەو دوو هاووڵاتییە بە باتووم کردبوو.
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاند: ئەو دوو هاووڵاتییە سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی مەهاباد و دواتر بەهۆی قورسیی برینەکانییانەوە بۆ نەخۆشخانەی ورمێ، ڕاگوێزراون.
هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، دۆخی تەندروستیی ئەو دوو هاووڵاتییە نالەبار ڕاگەیەندراوە و "فایەق مامقادری" لە بێهۆشی درێژخایەندایە.