مەهاباد؛ حوسێن حەسەن‌خانی دەسبەسەر کرا

11:17 - 20 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕ، حوسێن حەسەن‌خانی، مامۆستای خانەنشینکراو و ئەندامی مەکتەب قورئان لە مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

شۆرای بەڕێوەبەریی مەکتەب قورئان بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاندووە: " کاک حوسێن کە بە تۆمەتی بێ‌بنەما و دووپاتکراوەی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" دۆسیەسازیی بۆ کرابوو، سەرەڕای ئامادەبوونی ناوبراو لە کاتی خۆی لە دادگوستەری و لقی پەیوەندیداردا، بەبێ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی دادگا بۆ پێشگرتن بە ڕەتکردنەوەی تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، بەبێ ئامادەبوونی ناوبراو و بەبێ هیچ هۆکار و بەڵگەیەک، بە ٣ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا؛ جێگای سەرنجڕاکێشە کە لە دادگای پێداچوونەوەداهیچ ئاوڕێک لە ناڕەزایەتی دەربڕین و بەڵگەی ناوبراو لەمەڕ بێتاوانبوونی، نەدراوەتەوە و تەنانەت بەبێ بانگهێشتکردنی ناوبراو و پارێزەرەکەی، دیسانەوە ئەو حوکمە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە پشتڕاست کراوەتەوە".

هەروەها شۆرای بەڕێوەبەریی مەکتەب قورئان ڕایگەیاندووە: "بەرپرسایەتیی پاراستنی تەندروستی حوسێن حەسەن‌خانی کە تەمەنی ٦٢ ساڵە بەهۆی نەشتەرگەریی گۆڕانی دەریچەی دڵ، لەژێر چاوەدێریی بەردەوامی پزیشکی پسپۆڕدایە و هەروەها ئاوڕنەدانەوە بەنیسبەت ئەم بارودۆخە لە کاتی گشتگیربوونی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، مەترسیی بۆ گیانی ناوبراو هەیە و هەروەها لێکەوتە پڕ مەترسییەکانی لە ئەستۆی تەواوی بەرپرسە پەیوەندیدارەکانەوەیە".

مانگی ڕێبەندانی ٩٩، ئەو مامۆستا خانەنشینکراوە، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە ٣ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

حوسێن حەسەن‌خانی ڕۆژی چوارشەممە ١ی گەلاوێژی ٩٩، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاشان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد ڕاگوێزرابوو.