مەنسوور ئاروەند زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی راگوێزرا + وتوێــژ

16:19 - 12 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای ئەوەی کە حوکمی لە سێدارە درانی مەنسوور ئاروەند زیندانیی سیاسیی کورد لە دیوانی باڵای وڵاتی ئێران پشتڕاست کراوەتەوە، ناوبراو بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ مەنسوور ئاروەند زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە کە لە رۆژانی رابردوودا بۆ سێیەمین جار حوکمی سێدارەی بۆ پشتڕاست کرایەوە، مەترسیی لەسێدارە دانی لە ئارادایە.

ئیسماعیل ئاروەند برای ئەو زیندانییە سیاسییە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، سەرلە بەیانیی رۆژی شەممە بنەماڵەی ئێمە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ئاگادار کراونەتەوە کە حوکمی سێدارەی رۆڵەکەیان لە بەرە بەری جێبەجێ کران دایە\".

\"16536.jpg\"
مەنسوور ئاروەند زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە کە لە رۆژانی رابردوودا بۆ سێیەمین جار حوکمی سێدارەی بۆ پشتڕاست کرایەوە، مەترسیی لەسێدارە دانی لە ئارادایە.
برای ئەو زیندانییە سیاسییە باسی لەوەش کرد؛ \"پارێزەری مەنسوور ئاروەند تەسخیرییە و لە ماوەی رابردوودا ژومارەی مۆبایلی شەخسیی خۆی و ژومارە تەلەفۆنی ماڵەکەشی گۆڕیوە، بۆیە ئێمە لە ئێستادا هیچ زانیارییەکمان لەسەر چارەنووسی براکەمان نییە\".

ناوبراو گوتیشی: \"ئەم هەڵسووکەوتەی پارێزەرەکە ئێمەی نیگەران کردووە و بۆیە داوا لە سەرجەم ناوەند و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین رێگری لەو بڕیارەی دەزگای قەزایی ئێران بکەن\".

مەنسوور آروەند خەڵکی شاری مەهاباد، لەمانگی خەرمانانی ٩١دا لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە و لە رۆژانی رابردوودا ئەو حوکمە لەدیوانی باڵای وڵاتی ئێران تەئید کراوە و هەنووکە مەترسیی لەسێدارە درانی لە ئارا دایە.

دادگای شاری مەهاباد تاوانی \"مەنسوور ئاروەند\"ی موحاربە لەرێگەی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە، بەڵام ئیسماعیل ئاروەند برای ئەو زیندانییە، لەدرێژەی لێدوانەکەی بۆ ئاژانسی کوردپا، ئەو تۆمەتەی بە ساختە و بێ بنەما لە قەڵەم دا و رایگەیاند کە \"براکەم تەنیا بەهۆی کورد بوونیەوە حوکمی سێدارەی بۆ بڕاوەتەوە\".

هەروەها سێ برای ئەو گیراوە سیاسییە بەناوەکانی \"ئیسماعیل، سۆران و سیروان ئاروەند\" نامەیەکیان بۆ ئەحمەد شەهید ناردووە و تێیدا خوازیاری راگرتن و هەڵوەشانەوەی حوکمی سێدارەی براکەیان \"مەنسور ئاروەند\" بوون.