مەئموورێکی هێزە ئینتزامییەکان لە شاری مەریوان کوژرا

20:45 - 17 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان لە سنووری شاری مەریوان کوژرا.

شەوی دووشەممە ١٦ ڕەزبەر، یەکێک لە مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان بە ناوی \"میلاد محەممەدیان\" خەڵکی شاری کامیاران لە شەڕ و تێکەڵچوونێکی چەکداریدا، لە سنووری شاری مەریوان کوژرا.

کەیوومەرس شێخی فەرماندەی سنوورپارێزی شاری سنە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"تەسنیم\" وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: \"ئەم مەئموورەی هێزەی ئینتزامیی لە شەڕ و تێکەڵچوونێکی چەکدارانەدا، کوژراوە.

فەماندەی سنوورپارێزی سنە ئیدعا دەکات کە \"دوو کەس لە هێزە چەکدارەکان لەو شەڕەدا بریندار بوون و هێندێک کەرەستە و چەکوچۆڵێان لێ بەجێمابوو، دەستی بەسەر داگیراوە\".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ یەک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران بەرپرسایەتی ئەو شەڕەی لە ئەستۆ نەگرتووە.