مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید بۆ ساڵێکی دیکەش درێژ کرایەوە

15:46 - 8 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، مەئمورییەتی راپۆرتێری تایبەتیی ئەو رێکخراوەی بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بۆ ماوەی یەک ساڵی دیکە درێژ کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٧ی خاکەلێوە، شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، بە ٢٠ دەنگی ئەرێ و ١١ دەنگی نەخێر و ١٦ دەنگی بێ لایەن، بڕیارنامەی درێژکردنەوەی ماوی مەئمووریەتی ئەحمەد شەهیدی پەسند کرد.

وڵاتانی ئاڵبانی، ئارژانتین، بووتسڤانا، ئەلساڵڤادۆر، ئیستوونیا، فەڕەنسا، گابن، ئاڵمان، ئیرلەند، ژاپۆن، لیتڤانی، میکزیک، موونتنگرۆ، پاراگوە، پورتوغال، کۆرەی باشوور، مەقدوونییە، ئینگلستان و ویلایەتە یەکگرتووەکان دەنگی ئەرێ وڵاتانی بەنگلادیشم بۆلیڤی، چین، کووبا، هیند، ئەندونیزیم قرقیزستان، پاکستان، رووسیا و ڤەنزیویلا و ڤیتنام دەنگی نەخێریان بەو بڕیارنامەیە داوە.

ئەوە چوارەمین ساڵی یەک لەدوای یەکە، کە ماوەی مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، درێژ دەکرێتەوە.

ئەحمەد شەهید لە دوایین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو: \"٣٠ رۆژنامەنووسی ئێرانی لە زینداندان و حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەبێ کۆتایی بە سانسۆری ئینترنتی و ناردنی پارازیت بێنێت\".

ناوبراو رایگەیاندووە: لە سەردەمی حەسەن رۆحانیدا دۆخی مافی مرۆڤ \"بە گشتی خراپتر\" بووە.

لە دووەمین خولی پێراگەیشتن بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا کە ساڵی رابردوو لە ژنێڤ بەڕێوەچوو، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو ١٢٦ پێشنیارەی کە قەبووڵی کردبوو، ٨١ دانەیانی جێبەجێ نەکردبوو.

دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران هیچ پێشنیارێکی سەبارەت بە پرسی لەسێدارەدان لەو وڵاتەدا قەبووڵ نەکردبوو.

سەرەڕای هەوڵ و داخوازیی بەردەوامی ئەحمەد شەهید لەمەڕ سەردانی بۆ وڵاتی ئێران لەمەڕ ئامادەکردنی راپۆرتەکەی، هەتا ئیستا لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامی ئیزنی بەو ناوبراو نەداوە.

جەواد لاریجانی، دەبیری ستادی مافی مرۆڤی دەزگای دادوەریی حکوموەتی ئیسلامی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا دوایین راپۆرتی ئەحمەد شەهیدی بە \"ناڕەوا\" لە قەڵەم دابوو.

لاریجانی ئەوەشی گوتبووشی: \"بە سەرنجدان بە هاوکاریی ئەرێنیی حکوموەتی ئیسلامی لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێگەی تایبەتیی خەڵکی ئێران لە نێو خەلكی ناوچەکەدا، دیاریکردنی راپۆرتێری تایبەتی بۆ ئێران پێویست نییە و ئەو هەوڵەش هەوڵێکی نایاساییە\".

ناوبراو هەروەها رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی بە \"پشتیوان و داکۆکیکاری\" تیرۆریست و قاچاخچی تۆمەتبار کردبوو.

ئەحمەد شەهید، چوارەمین راپۆرتیری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤی لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە، کە بەر لە ناوبراویش مۆریس کاپیتورن، ریناڵدۆ گالیندوپل و ئاندریاس ئاگوییلار ئەو بەرپرسیارەتییەیان لە ئەستۆ بوو.