مەئمووریەتی رێپۆرتێری تایبەتیی مافی مرۆڤی ئێران، بۆ ساڵێكی تر درێژ كرایەوە

16:52 - 4 خاکەلێوه 2712
كوردپا: دوای بڕیاری \"شۆرای مافی مرۆۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان\" و هەروەها لەسەر داخوازی رێكخراوەكان و چالاكانی مافی مرۆڤی ئێرانی و نێودەوڵەتی، مەئمووریەتی رێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ئێران بۆ یەك ساڵی دیكە درێژ كرایەوە.

ئێوارەی رۆژی پێنجشمەممە رێكەوتی 3ی خاكەلێوەی 1391ی هەتاوی ئەندامانی دەوریی شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە مەقەڕی ئورووپایی ئەو رێكخراوە، مەئمووریەتی ساڵی پێشووی \"ئەحمەد شەهید\" رێپۆرتێری تایبەتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئێرانیان بۆ ماوەی یەك ساڵی دیكە درێژ كردەوە.

ماڵپەڕی \"ستادی مافی مرۆڤی دەزگای قەزایی ئێران\" بە بڵاو كردنەوەی ئەم هەواڵە، رایگەیاند: 22 ئەندام لە 47 ئەندامی شۆرای مافی مرۆڤ، بڕیارنامەی پێشنیاریی سووئێد كە لەلایەن ئەمریكا و یەكیەتیی ئورووپاوە پشتگری لێكراوە، بە مەبەستی درێژ كردنەوەی مەئمووریەتی رێپۆرتێری تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، پەسند كرد.

وڵاتانی چین، رووسیە، قەتەر، كووبا و بەنگلادش لەو وڵاتانە بوون كە دژی درێژ كردنەوەی مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید بۆ حاڵەتەكانی پێشێلكاریی مافی مرۆڤ لە ئێران بوون.

نوێنەری تایبەتیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە مەقەڕی ئورووپایی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبوونەوەی دەنگدان بۆ درێژ كردنەوەی مەئمووریەتی رێپۆرتێری تایبەت لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: درێژ كردنەوەی مەئمووریەتی رێپۆرتێری تایبەت بەهۆی تێڕوانینی نابەجێی سیاسی و لادان لە بنەمای پسپۆڕانە و هەروەها پشت بەستن بە سەرچاوە نایاساییەكان و هەواڵ و زانیاریی ناڕاست و هەروەها پێشداوەریی هەڵە و گریمانەی بەدەر لە پێوەری یاسایی جێبەجێ‌ دەكرێن كە بوونەتە هۆی كەم كردنەوەی متمانەی چالاكییەكانی شۆرای مافی مرۆڤ.

وەها پەرچە كردارێك لەلایەن \"محەممەد رەزا سەجادی\" و هەروەها بەرپرسی تادی مافی مرۆڤی دەزگای قەزایی ئێران لە حاڵێكدا دەخرێتە روو، كە پاش دیاری كردنی ئەحمەد شەهید بۆ تاوتوێی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، سەركوتی لە پێشدا داڕێژراو و سیستماتیكی كەمایەتییە ئێتنیكی و مەزهەبی و ررەگەزییەكان و هەروەها زەخت و گوشار و ئەشكەنجەی زیندانیان و رەخنەگرانی حكوومەت، بەشێكن لە خاڵە سەرەكییەكانی راپۆرتی 22 لاپەڕەیی مانگی رەشەمەی نێردراوی تایبەتی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئێران.

هەروەها رۆژی رابردوو پێش لە بەڕێوە چوونی دەنگدان لە شۆرای مافی مرۆڤ، 27 رێكخراوی مافی مرۆڤ و مەدەنیی ئێرانی و نێودەوڵەتی و هەروەها شیرین عیبادی، براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ، لە راگەیەندراوێكدا داوایان كردووە كەلە سیاسەتە \"سەركوت و ئاژاوە خولقێنییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران\" پشتیوانی نەكەن.

رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، رێكخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز، رێكخراوی مافی مرۆڤی بەلووچستان، ناوەندی بەڵگەی مافی مرۆڤی ئێران و ئەنجومەنی بەرگری لە زیندانیانی سیاسیی ئازەربایجان لە ئێران لە واژۆكەرانی بانگەوازی سێیەمی خاكەلێوە بوون.

لە ساڵی 2006ەوە شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پێكهاتووە، كە ئەمە یەكەم جارە ئەو شۆرایە ریپَرتێری تایبەت بە مافی مرۆڤ بۆ ئێران دیاری دەكات.