مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای ورمێ داوای بەرتیل لە تۆمەت‌وەپاڵدراونی سیاسی دەکەن

21:07 - 21 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرتیل وەرگرتن لە تۆمەت‌وەپاڵدراونی سیاسی، بووەتە بە سەرچاوەیەکی داهات بۆ مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای\"سیدالشهدا\"ـی ورمێ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای\"سیدالشهدا\"ـی ورمێ، داوای بەرتیل لە تۆمەت‌وەپاڵدراونی سیاسی دەکەن و بە زۆرەملی پارەیان لێوەر دەگرن.

سەرچاوەیەکی ئاگادارلەو پێوەندییەدا به هەواڵنێری کوردپا، لە شاری ورمێ ڕایگەیاندووە: \'\'ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای \"سیدالشهدا\" لە خوارەوەتری زیندانی ناوەندیی ورمێ هەڵکەتووە کە لەژێر چاودێریی سپای پاسداران دایە و ئەو شوێنە ژێرزەمینی تایبەتی بۆ ئەشکەنجە هەیە و نهۆمی هەمکەفیش بۆ لێپێچینەوە و ڕاگرتنی زیندانیان بەکاری دێنن کە ٥ ژووری هەیە و توالێتیش هەر لە ناو خودی ژوورەکان دایە\".

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد: \'\' ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ حەوشێکی بە پانتایی ٥٠ میتر هەیە کە هەر تاوانبارێک نزیک بە ٢٠ خولەکێک بە چاوبەستراوی بۆ هەواخۆری دەبردرێتە حەوشەکە و دوای هەواخۆری بە چاوبەستراوەیی دەبردرێتەوە ژووری خۆی\".

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد: \"هەروەها ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ سێ ژووری لێپێچینەوە و ژووری کاری بۆ کارناسانی پەروەندەی تۆمەت‌وەپاڵدراونی سیاسی هەیە کە تەمەنی ئەو مەئموورانە ٤٥ تا ٥٠ ساڵ دەبێت\".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی باس کرد: \"مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا بە زۆر و هەڕەشە داوای بەرتیل لە تۆمەت‌وەپاڵدراونی سیاسی دەکەن و ئەگەر تۆمەت‌وەپاڵدراون نەتوانن ئەو داواکارییە جێبەجێ بکەن لەگەڵ پەروەندەسازیی نوێ و سزای قورس بەرەوڕوو دەبنەوە کە زۆربەی تۆمەت‌وەپاڵدراونی سیاسیش بە هۆی نەبوونی توانایی ماڵی لەگەڵ ئەو هەڕەشە و سزا قورسە بەرەوڕوو دەبنەوە\".