مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات لەبۆکان هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر کرد

16:48 - 16 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی بەردەوامی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکانیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٤ی جۆزەردان هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی رەحیم خان لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، بەناوی سەلمان قوربانی و کوڕی میرزا سمایل، لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، سەلمان تەمەنی ٣٥ ساڵ و خێزاندار و هەروەها باوکی دو ومنداڵیشە، کە رۆژی چوارشەممە لە ماڵی خۆیان لە گوندی رەحیم خان دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، هێزە ئیتلاعاتییەکان، هاوکات دەستیان بەسەر هێندێک کەلوپەلی شەخسیی ناوبراویشدا گرتووەو لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە شوێنی راگیران و چارەنووسی سەلمان قوربانی لەبەر دەستدا نییە، بەڵام مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بۆ لایەنگریی ناوبراو لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گەڕاندۆتەوە.