مەلا "یوونس نەوخا" لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

18:02 - 3 گەلاوێژ 2722

ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی گەلاوێژ، مامۆستا مەلا یوونس نەوخا، لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی دینیی سەلاحەدین ئەیووبیی شاری پیرانشار، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو مامۆستا کوردە بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی ورمێ بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

ڕۆژی شەممە ١ی گەلاوێژ، مامۆستا مەلا یوونس نەوخا پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەو مامۆستا ئایینییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەمالەکەی بێبەری کرابوو.

لە ماوەی ڕۆژانی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕ و  پێنجشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، مامۆستایانی شاری پیرانشار لە بەرانبەر ناوەندی گەورەی ئیسلامی، لەمەڕ پشتیوانی لە مامۆستا مەلا "یوونس نەوخا" و ناڕەزایەتی دەربڕین لە دەسبەسەرکردنی ناوبراو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، کۆ ببوونەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی پووشپەڕ، مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی "مەلا یوونس نەوخا" کوڕی خدر خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

مەلا یوونس نەوخا، بەهۆی ڕەخنەگرتن لە حکوومەت دەسبەسەر کرابوو. ناوبراو لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی دینیی سەلاحەدینی ئەیووبیی شاری پیرانشارە.