مەلا قادر: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەهلی وتووێژ و دیالۆگ و مەنتیقە

20:18 - 17 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: وتاربێژی هەینیی شاری پاوە، پاشای سعوودیە بە \"له‌ناوبردنی یه‌کده‌نگیی جیهانی ئیسلام\" تۆمەتبار دەکات.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، مەلا قادر قادری لە وتووێژێکدا گوتوویەتی لەسێدارەدانی باقر نمر، کارەساتە و خەسارێکە کە بەم زووانە قەرەبوو ناکرێتەوە.

ئەڵبەت ڕوونی نەکردۆتەوە کە شێوازی قەرەبووکردنەوەکەی چۆن دەبێ.

ناوبراو لە درێژەدا هێما بۆ \"بڕیاڕدەر بوونی عەرەبستان و کۆماری ئیسلامی لە جیهانی ئیسلام\"دا دەکات و دەڵێت: \"مه‌لیک سه‌لمان له‌عه‌ره‌بستان، که‌سێکی زیره‌ک و عاقڵ و پیاوی سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م نیه\"‌.

ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، ١١ی بەفرانبار، دەوڵەتی عەرەبستان ڕایگەیاندبوو کە ٤٧ کەس، کە یەکێکیان \"نمر باقر النمر\"ەی بە تۆمەتی تێوەگلانیان بە \"چالاکیی تیرۆریستی\" لەسێدارە داوە.

نوێنەری وەلی فەقیه لە پاوە، بەرانبەر سووتانی باڵوێزخانەی سعوودیە لە تاران هەڵوێست دەردەبڕێت و لە ڕێگای ماڵپەڕی کوردپرێسی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران ڕایدەگەیەنێ کە؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر له‌کاتی هاتنه‌سه‌ر کاریەوە، حکوومه‌تێکی لۆژیکی و ئەهلی دیالۆگ بووه‌.

سەبارەت بەم لێدوانانەی قادری، کەسایەتییەکی شاری پاوە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای گوت: \"قادری لەکاتێدا لەم وتووێژەی لەگەڵ کوردپرێس‏دا، باسی ئیدانە کردنی ئیعدامی شێخ نمر دەکات کە ناوبراو لە کوژرانی مامۆستا موحەممەدی ڕەبیعی لە سەرماوەزی ساڵی ٥٧دا، هیچ هەڵوێست و ئیعترازێکی نەکرد و تەنانەت بە شێوەیەک پاڵپشتی بکوژانی کرد.

ئەم کەسایەتییە فەرهەنگییەی پاوە، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە هۆکاری ئەو چەشنە لێدوانانەی مەلا قادر چیە، ڕوونی کردەوە کە: \"ناوبراو هەر لە ساڵەکانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، نوێنەری خومەینی لەو شارە بووە و بە پێچەوانەی ئەو قسەیەی کە کۆماری ئیسلامی حکوومه‌تی دیالۆگ و لۆژیکە، گەورەترین شەڕەکانی سوپای پاسداران لە کوردستان، بە بڕیاری خومەینی و هاوکاریی و پاڵپشتیی مەلا قادر قادری ڕوویانداوە\".

سەرچاوەی هەواڵەکەی کوردپا؛ بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوی، ڕایگەیاند کە بەداخەوە لە ماوەی ڕابردوودا و لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس شورای ئیسلامی و خوبرەگان‏دا، بەربژێرەکان و یەکێک لەوان مەلا قادر، بۆ پشتڕاستکردنەوەی شیاو بوونیان لە لایەن ناوەندە دەسەڵات بەدەستەکان، ئامادەن هەموو قسە بکەن و هەموو کردەوەیک ئەنجام بدەن و لەم نێوەشدا مێژووی کوردستان و بەڵگە نووسراوەکانی، قوربانیی سەرەکیین.