مەلا قادر قادری سەبارەت بە نەورۆز دەڵێت: \"ئەمساڵ هەرچی دەبینم بۆندارە\"

16:20 - 7 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: پێشنوێژی شاری پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان، بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆزی لە کوردستان بە\"بۆندار\" ناوبرد.

مەلا قادر قادری، پێشنوێژی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز لە کوردستان دژکردەوی نیشان دا و ڕایگەیاند:\"لە هێندێک لە شار و گوندەکان هەتا ساڵی ڕابردوو، خۆیان شەش دانگ بە خاوەنی ئیسلام دەزانی، ئەمساڵ زیاتر لە خەڵکی دیکە دەستیان کردووە بە هەڵپەڕکێ بە بۆنەی نەورۆز و هەموو ئەم شتانە نوێیە\".

\"\"مەلا قادر قادری
ناوبراو هەروەها ڕادەگەیەنێ: \"بڕیار بوو ئەمساڵ بە هۆی شاری عەفرین و ئاوارەبونی خەڵکی کورد، کوردەکان هەڵپەڕکێ کەمتر بکەن، بەڵام ئەمساڵ لە چاو ساڵانی پێشوو هەڵپەڕکێ و شایی و خۆشی جێژنی نەورۆز زۆرتر بووە\".

ئەو مەلا ئاینییە کە نزیک لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە بە ڕەخنە گرتن لە
حکوومەت ڕایگەیاند: \"یان من هەڵە دەکەم، یان ئەمساڵ هەرچی دەبینم بۆندارە؛ لە ئەڵاوئەکبەری توندڕەوەکانەوە بگرە هەتا هەڵکردنی ئاگری نەورۆز و گۆڕینی هەڵوێستی بەرپرسان و هەڵسوکەوتی گوماناوی هێندێک لە موسوڵمانان، داوا لە خودا دەکەم دواڕۆژی ئێمە بە خێر بکات\".

مەلا قادر قادری لە کۆتایی لێدوانەکەیدا لە نوێژی هەینی ڕۆژی ٣ی خاکەلێوە لە شاری پاوە دەڵێت:\"بەندە نە ئەهلی غەیب و نە ئەهلی کەرامەتم؛ بەڵام بە هۆی ئەو ئەزموونە کەمە کە هەمە لەو باوەڕەدا نیم ساڵی ٩٧ ساڵێکی باش بێت بۆ ئێمە\".

لێدوانەکانی ئەم مەلا ئاینییەی نزیک لە دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدایە کە ناوەندەکانی حکوومەتی لە شارەکانی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی پشتیوانی لە عەفرین دژایەتییان کرد و چەندین چالاکی کورد لەو بوارەدا دەسبەسەر و بۆ ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بانگهێشت کران.

چالاکانی مەدەنیی و سیاسی کوردستان بە وەڕێخستنی کەمپەینێک لەژێر ناوی\"نەورۆزی خاکیپۆشەکان\" داوایان لە خەڵکی کوردستان کردبوو بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی بە ڕەنگی خاکی، لەگەڵ جامانە و گوڵوەنی لە ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز ‌دا بەشداری بکەن.

ئەو بانگەواز و کردەوەیەی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستان تووڕەیی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانی لێکەوتەوە و چەندین کەس لەم پێوەندییەدا دەسبەسەر کران.