مەسەلەی خۆشەویستی لەناوچەی سەڵماس چوار کوژراو برینداری لێکەوتەوە

15:49 - 4 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی کێشەی کۆمەڵایەتی لە ناوچەی سەڵماس، سێ ئەندامی بنەماڵەیەک بەدەستی کەسێک کوژراو و بریندار بوون و دواتریش بکوژەکە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا کەسێک بەناوی عۆمران مامەدی کوڕی حوسێن و خەڵکی گوندی \"گۆزک\" چۆتە گوندی \"حەوتەوان\"ی ناوچەی سەڵماس تەقەی لە بنەماڵەی خۆشەویستەکەی کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ شەوی ٢٨ رێبەندان، کەسێک بەناوی فایق هاوڕێ لەگەڵ کچەکەی بەناوی رەعنا، کە خۆشەویستی عۆمران بووە، دەستبەجێ لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژییەدا گیانیان لەدەست داوە و هاوسەری فایق بەناوی فاتمە بەتوندی بریندار بووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، کە عۆمران مامەدی پاش کوشتن و بریندارکردنی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە، بە زەبری چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لەو پەیوەندییەدا ماڵپەڕی \"تەسنیم\" رۆژی ٢ی رەشەمە هەواڵی دووپات بوونەوەی رووداوێکی لەو چەشنەی لە گوندی حەوتەوان بڵاو کردەوە، بەڵام لە ئەنجامی بەدواداچوونی هەواڵنێری کوردپا بۆ ئەو رووداوە، هاووڵاتییانی گوندی حەوتەوان دووپات بوونەوەی رووداوێکی لەو چەشنەیان پشتڕاست نەکردەوە.

لەو پەیوەندییەدا و چەند رۆژ پێش ئێستا، باوکێکی کوردی خەڵکی شاری سەنقوڕ لە ئوستانی کرماشان، منداڵێکی تەمەن ٣ مانگەی خۆی لە رێگەی دەرخوارددانی ماددەی هۆشبەر و منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵەشی لەرێگەی هەڵواسینەوە کوشت و دواتریش کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

کارناسانی کۆمەڵایەتی \"تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، لە خوارێ بوونی ئاستی تێگەیشتن، نەخوێندەواری و نەریتی بوونی کۆمەڵگە\" بە هۆکارەکانی هاتنە ئارای ئەم جۆرە تاوانانە لە قەڵەم ئەدەن.

پێشتریش لە رێکەوتی ٢٦ی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا لە بەخشی کۆەرانی سەربە ئوستانی کرماشان، کوڕێک بەهۆی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و ئاسەواری ماڵوێرانکەری ئەو ماددەیە، پاش کوشتنی سێ برا و دایکی خۆی، بەزەبری چەک کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ئەو چالاکانە لەو باوەڕەدان، کە کاربەدەستانی حکوومەتی نەتەنیا هیچ بایەخێک بە کەمبوونەوەی رێژەی تاوان و تاوانکاری لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران نادەن، بەڵکوو شێوەی هەڵسووکەوتی نەشیاوی ناوەندە حکوومەتییەکان لەگەڵ تاوانباران، راستەوخۆ هۆکاری زیادبوونی تاوانکاری لە بەستێنی کۆمەڵگەدان.

بە گوتەی وەزیری دادگوستەریی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی، رێژەی تاوان و تاوانکاری لەوڵاتی ئێران لە حەشیمەتی ئەو وڵاتە زیاترە، بەواتایەکی دیکە هەر کەسێک لە ئێران زیاتر لە دۆسیەیەکی قەزایی هەیە.