مەسعوود کوردپوور لەکارەکەی دوور دەخرێتەوە

14:33 - 15 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ئێران، دژایەتی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ سەرکاری مامۆستایەکی کورد، دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، داوای مەسعوود کوردپوور لە وەزارەتی پەروەدە و بارهێنان بۆ گەڕانەوەی ناوبراو بۆ کاری مامۆستایەتی لە قوتابخانەکان‏دا، بە فەرمی ڕەت کراوەتەوە.

ئەو ڕەت کردنەوەیە کە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەڕی ئەو ساڵی لەسەرە، لە لایەن نوێنەری وەزیری پەروەردە و بارهێنانەوە، بۆ نووسینگەی کاروباری مەجلیس نێردراوە.

\"29463.jpg\"
ئەو چالاکە کوردە، لە کاتی دەستبەسەرکردن و حوکمی دادگادا، سزای کڕینەوەی(باز خرید)کارەکەی، لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی بەسەردا سەپێندرا.

کڕینەوەی کاری ئەو مامۆستایە، خەمڵاندنی مووچەکەی بە ٤٥ ڕۆژ لە ساڵێکدا بووە.

لە نامەی بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی هاوئاهەنگیی لێژنەکانی بەدواداچوون بۆ سەرپێچییە ئیدارییەکان، کە لە لایەن ماڵپەڕی \"سخن معلم\"ەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە کە؛ داواکاریی مەسعوود کوردپوور پێشتر لە لایەن دادگای سەرەتایی و پێداچوونەوە، دیوانی دادپەروەریی ئێداریی و جەنابی وەزیرەوە، ڕەت کراوەتەوە.

داواکاریی ئەو مامۆستایە بۆ گەڕانەوەی بۆ وانەکانی خوێندن، پاڵپشتیی چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی کوردستان و هەروەها چەندین نوێنەری کوردی مەجلیسی بەدواوە بوو.

مەسعوود کوردپوور ١٩ی ڕەشەمەی ساڵێ ١٣٩١ هەتاوی، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر کرا.

ناوبراو لە دادگای سەرەتایی‏دا، بە تاوانی \"کۆبوونەوە و هاودەستی کردن دژ بە نیزام\" بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری و لە پەیوەندی لەگەڵ \"چالاکیی تەبلیغی\"دا، ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و سەرجەم بە ٣ ساڵ و نیو زیندانی تەعزیری حوکم درا، کە لە کۆتایی‏دا، دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کۆی ماوەکەی بۆ ٣ ساڵ کەم کردەوە.

ئەو چالاکە مەدەنییەی کورد، ٢٢ی مانگی سەرماوەز، لە زیندان ئازاد کرا.

لینكی پەیوەندیدار:
مەسعوود کوردپوور لە زیندان ئازاد بوو
حوکمی برایانی کوردپوور یەکلایی (قطعی) بۆتەوە