مەسعوود کوردپوور: زیندان رێگا چارەی کێشەکان نیە

14:10 - 20 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: مەسعوود کوردپوور چالاکی مافی مرۆڤی دەستبەسەرکراوی کورد دوای ٩ مانگ راگیران لە گرتنگە و گرتووخانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا نامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا باسی لەوە کردووە، \"جیایخوازانی راستەقینە ئەو کەسانەن کە سەروەڕی یاسا پێشێڵ دەکەن و تۆمەتی ناڕەوا دەدەنە پاڵ چالاکانی سیاسیی و مافی مرۆڤ\".

لەبەشێکی نامەکەی مەسعوود کوردپووردا کە بۆ دەزگاکانی داد، بەڕێوەبەریی و یاسادانانی ناردووە ولەلایەن ئاژانسی \"موکریان\"‌ـەوە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: لەماوەی ئەو ٩ مانگەی کە دەستبەسەرکراوم سەرەڕای هەوڵی زۆر بە مەبەستی وتووێژ و لێک تێ‌‌گەیشتن لەگەڵ لێپرسراوان، بەداخەوە وڵامێکم بێجگە لە هەڵبژاردنی بێدەنگی نەبیستۆتەوە و هەر بۆ ئەو نامەیەم بۆ هەر سێ‌دەزگاکە نووسیوە و لەو باوەڕەدام زیندان رێگا چارەی کێشەکان نیە.

کوردپوور لەدرێژەدا نووسیویەتی: من ماوەی ٢١ ساڵ لەزانکۆ و قوتابخانەکان وانەم وتۆتەوە و بە خۆشحاڵییەوە لەو ماوەیەدا هیچ کەس نەبووە کە گلەیی لەمن هەبێ‌یان سکاڵەیەکی بەدژی من تۆمار کردبێ‌و ئێستاکەش ماوەی ١٥ ساڵە لەچوارچێوەی مافی مرۆڤدا و رۆژنامەنووسیدا سەرقاڵی چالاکیم و سەرەڕای روانینی ئەمنیەتی درێژەم بەکاری خۆم داوە.

مەسعوود کوردپوور ئەوەشی خستۆتە روو، بەداخەوە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا فشارەکان بۆ سەر من و چالاکانی مافی مرۆڤ بە هۆی روانینی بەرتەسکانە زیادی کردبوو و لەگەڵ دوورخستنەوە و یەک ساڵ زیندانی کردن بەرەوڕوو بوومەوە.

ئەو چالاکەی مافی مرۆڤە باسی لەوەش کردووە، بۆچی لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا \"ئەسلی ١٦٨\"‌ی یاسای بنەڕەتی کە پێوەندیی بە تاوانی سیاسیی و چاپەمەنیەوە هەیە ناخرێتە بواری جێبەجێ‌کردنەوە و چالاکانی ئەو بوارە بێ‌بوونی حوزووری \"هەیئەت مونسێفە\" بەزیندان مەحکووم دەکرێن.

لەدرێژەی نامەکەی کوردپووردا هاتووە، بەداخەوە سیاسەتی دەسەڵاتداران لەو چەند ساڵەی دواییدا هەر چەشنە رێگایەکی یاسایی ناڕەزایەتی دەربڕین و رەخنەگرتنی داخستووە و دۆخێکی ئەمنیەتی زۆر دژوار بە سەر کوردستاندا زاڵ کراوە.

مەسعوود کوردپوور لەگەڵ براکەی خوسرەو کوردپوور مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکان دەستبەسەر کران و دوای چەندین مانگ ناڕوونیی چارەنووسیان سەرەئەنجام بە ٩ ساڵ و شەش مانگ زیندان و دوورخستنەوەی خوسرەو مەحکووم کران.