مەریوان/ هەڕەشەی مەرگ لەبنەماڵەی چالاكێكی سیاسیی كورد

15:20 - 28 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: دوابەدوای رێزگرتن لەچالاكێكی ژینگەپارێزی لەشاری مەریوان، بنەماڵەكەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی كوشتنیان لێكراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان بنەماڵەی محەممەد غەریب فەیزی چالاكی سیاسیی ـ مەدەنیان خستۆتە ژێر فشارەوە.

محەممەد غەریب فەیزی لەحاڵی حازردا لەدەرەوەی ئێران نیشتەجێیە.

هەواڵنێری كوردپا لەشاری مەریوانەوە رایگەیاند، ئیدارەی ئیتلاعات وێڕای هەڕەشەی كوشتن لەو بنەماڵەیە، پێیان وتوونە پێویستە هەر چی خێراتر رۆڵەكەیان بگەڕێنەوە ئێران.

\"22765.jpg\"
محەممەد غەریب فەیزی لەحاڵی حازردا لەدەرەوەی ئێران نیشتەجێیە
یەكێك لە نزیكەكانی ئەو بنەماڵەیە وتوویەتی: كۆتاییەكانی حەفتەی پێشوو و لە سێهەمین خولی هەڵبژاردنەكانی هەیئەت مودیرەدا، كۆڕی گشتیی ئەنجومەنی سەوزی چیا رێزی لەماندووبوون و چالاكییەكانی محەممەد غەریب سەبارەت بە هاوكارییەكانی لەگەڵ ئەو ناوەندە گرت و ئەو هەوڵەش تووڕەیی هێزە ئەمنیەتییەكانی لێكەوتۆتەوە.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كردووە، بنەماڵەی محەممەد غەریب فەیزی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە هەڕەشەی كوشتنیان لێكراوە و هەنووكە ئەو بنەماڵەیە لەترس و دڵەڕاوكێدا ژیان بەسەر دەبەن.

محەممەدغەریب فەیزی بێجگە لەچالاكیی سیاسیی، لە بیاڤی ژینگەپارێزیشدا چالاكیی هەبووە.

ئەو هاووڵاتییە كوردە رێكەوتی ١٢ خەزەڵوەری ١٣٩٠ لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر و دواتر دەزگا قەزاییەكان حوكمی زیندانی كردن و سزای نەختیان بۆ بڕییەوە.

ئەو چالاكە سیاسییە دواتر بە هۆی فشار و ئەزیەتی هێزە ئەمنیەتییەكان بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت و رووی لەهەندەران كرد.