مەریوان/هێزە ئیتلاعاتییەکان هاوسەری چالاکێکی سیاسیی کوردیان دەستبەسەر کرد

13:47 - 14 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هاوسەری یەکێک لە چالاکانی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، سەرلەنوێ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر \"کەژاڵ هوژەبەری\" دانیشتووی گوندی \"بەردە رەشی\"ی سەربە شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعات راگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، هێزە ئیتلاعاتییەکان گوشاریان خستووەتە سەر کەژاڵ هوژەبری و پێیان راگەیاندووە کە دەبێ هاوسەرەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ ئێران، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە عەلی دانش بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە بەناچاری وڵاتی بەجێهێشتووە\".

\"16560.jpg\"
 پێشتر هاوسەری کەژاڵ هۆژەبری کە بەهۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەناچاری وڵاتی بەجێهێشت
هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هاوسەری ئەو چالاکە سیاسییەیان رایانگەیاندووە: \" عەلی دانش هاوکاریی دەزگای زانیاریی وڵاتی ئیسراییلی کردووە، بۆیە دەبێ بگەڕێتەوە و سزا بدرێت\".

هاوکات یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی عەلی دانش بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \"ئەو ئیدیعایەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان لە حاڵێک دایە کە عەلی دانش هەموو ئەو تۆمەتانەی رەت کردۆتەوە و هێزە ئیتلاعاتییەکان دەیانهەوێ لە رێگەی بارمتە گرتنی هاوسەرەکەییەوە، ناچاری بکەن بەرەو ئێران بگەڕێتەوە\".

ئەو ئەندامەی بنەماڵەی دانش باسی لەوەش کرد؛ \"کەژاڵ هوژەبری کە بەهۆی چالاکیی سیاسیی هاوسەرەکەیەوە دەستبەسەر کراوە، ٣ منداڵی بەناوەكانی محەممەد تەمەن ١١ ساڵ ، مەتین تەمەن ٦ساڵ و لاوێن تەمەن ٥ ساڵ‌هەیە و هەنووکە ئەو منداڵانە بێ سەرپەرست ماونەتەوە\".

 هاوسەری کەژاڵ هۆژەبری کە بەهۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەناچاری وڵاتی بەجێهێشت، ٢ ئۆتۆمبێلی ناوبراو لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا گیراو و هەروەها پێشتریش برایەكی ‌و ٢ کەس لە هاوڕێیانی بۆ ماوەی ٥٣ رۆژ لە ئیدارەی ئیتڵاعاتی مەریوان لە دەستبەسەریدا بوون.

پێشتریش کەژاڵ هوژەبری لە مانگی رەشەممەی ساڵی ٩١ی هەتاویدا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و وێڕای لێپرسینەوە، داوایان لێكردوە بە زووترین كات لە عەلی دانش جیا بێتەوە.

عەلی دانش تەمەن ٣٨ ساڵ، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی \"بەردە رەشی\"ی شاری مەریوان لە کۆتاییەکانی مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا بە هۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە ناچاری رووی لە دەرەوەی وڵات کرد.