مەریوان؛ چارەنووسی "خەبات وەیسی" هێشتا ناڕوونە

10:55 - 26 رێبەندان 2721

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "خەبات وەیسی" کوڕی عەبدوڵلا خەڵکی گوندی "گوڵچێر"ی سەر بە شاری مەریوان کە زیاتر لە دوو حەوتوو پێش دەسبەسەر کرا، هێشتا لە چارەنووسی زانیارییەکی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای مەریوان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا دوو جار لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندیی گرتووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستەڕوو: "خەبات وەیسی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە".

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرشکردنە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان مۆبایلەکانی "خەبات و عەبدوڵڵا وەیسیـ"ـیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

عەبدوڵڵا وەیسی باوکی خەبات، ڕێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە لە گرتنگە ئازاد کرابوو.