مەریوان؛ بەردەوامیی دەسبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی لوقمان گرامی

18:28 - 12 خەرمانان 2722

سەرەڕای تێپەڕینی ٣٩ ڕۆژ بە سەر دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "لوقمان گرامی" کوڕی ئیبراهیم خەڵکی گوندی "سەردۆشی مەریوان، لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، چەند جار لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندیی تەلەفوونی هەبووە و هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنییان نەداوە شوێنی ڕاگیرانی بە بنەماڵەکەی، ڕابگەیەنێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: لوقمان گرامی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بانگهێشت و دواتر ناوبرایان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و دەستیان بە پشکنینی ماڵی لوقمان کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی لوقمان گرامی، بێڕێزیان بە بنەماڵەکەی کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا، نییە.