مەرگی گوماناوی دوو لاوی بەلووچ لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات

16:44 - 15 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی بەلووچ پاش دەستبەسەر کردنیان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکان و راگواستنیان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی چابەهار بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو لاوی بەلووچ بە ناوەکانی \"مەولابەخش عەباس زەهی و نەعیم عەباس زەهی\" تەنیا چەند کاتژمێر پاش دەستبەسەرکردنیان، لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی چابەهار کۆتایی بە ژیانیان هاتووە.

دەوترێت تەرمی ئەو لاوە بەلووچانە لەحاڵێکدا کە جێگای لێدان و کوتان بەسەر جەستەیانەوە دیار بووە رادەستی بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی شاری چابەهار کراوە.

یەکێک لە نزیکەکانی ئەو دوو لاوە بە کەمپەینی \" چالاکانی بەلووچ\"ی وتووە، نەعیم و مەولابەخش سەرقاڵی کاری کرێکاریی بوون و رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١١ی پووشپەڕ لە ناو بازاری چابەهار لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، تەرمی ئەو دوو هاووڵاتییە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و بە بنەماڵەی \"عەباس زەهی\"یشیان وتووە کە کوڕەکانیان بە هۆی جەڵتەی مێشکەوە مردوون.

مانگی بانەمەڕی ئەمساڵیش لەیەکێک لەبەندەکانی زیندانی زاهیدان لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵەی بەلووچ بە ناوی عەبدولواحید گومشادزهی بە هۆی \" کەمتر خەمی و درنگ ناردنی بۆ نەخۆشخانە\" گیانی لەدەست دابوو.

ئەو کات باس لەوە کرابوو کە ئەو لاوە بەلووچە لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا و پاش راگواستنی بۆ ئیدارەی ئاگاهی سەراوان ئەشکەنجە کرابوو.

پێشتریش لە مانگی پووشپەڕی ساڵی رابردوو یەکێک لە زیندانیانی بەندی ١ی زیندانی زاهیدان، یەک رۆژ پێش لە ئازاد کرانی لە زیندان، بەشێوەکەی گوماناوی گیانی لەدەست دابوو.

\"عەلی رەزا شەبەخش\" زیندانی بەندی ١ی زیندانی زاهیدان کە بە بەندی \"جوانان(لاوان)\" بە ناوبانگە، شوناسی ئەو هاووڵاتییە بەلووچە بوو.