مەرگی گوماناویی فەرمانبەرێکی کوردی شارەوانیی شاری بۆکان

14:16 - 12 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: تەرمی فەرمانبەرێکی شارەوانیی شاری بۆکان بە خنکاوی لەناو ماڵەکەی‌دا دۆزراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١١‌ی خاکەلێوە تەرمی ئەردەشیر وەلیزادە، تەمەن ٥٠ ساڵ، کە فەرمانبەری شارەوانیی شاری بۆکان بووە، لەناو ماڵەکەی خۆی لەگەڕەکی \"کووی فەرهەنگیان\"‌ی ئەو شارەدا دۆزرایەوە.

ئەردەشیر وەلیزادە نزیک بە بیست ساڵ پێشینەی خزمەتی لەشارەوانی شاری بۆکاندا هەبووە و لەم دواییانەشدا بەرپرسی \"تەلەفوونخانەی\" ئەو شارەوانییە بووە.

تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی \" پشکنین( کاڵبۆد شکافی)\" رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە و دەگوترێت کە ئەو فەرمانبەرەی شارەوانیی شاری بۆکان بە هۆکاری خۆکوژی گیانی لەدەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لەو بنەماڵەیە، \"ئەردەشیر وەلیزادە دەستی نەداوەتە خۆکوژی و مەرگی ناوبراو جێگەی گومانە\".

تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە دوێنی کاتژمێر ٣‌ی دوای‌نیوەڕۆ، پاش گەڕانەوەی لەسەر کار دۆزراوەتەوە.