مەرگی گوماناویی سەربازێكی كورد لە بنكەیەکی سوپای پاسداران

15:49 - 31 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: سەربازێكی كوردی خەڵكی ناوچەی مڕگەوەڕی ورمێ‌لە پایەگایەكی سوپای پاسداران لە داڵانپەڕ بەزەبری چەک گیانی لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر سەربازێكی سوپای پاسداران بەناوی \"فەردین حاجی\" كوڕی وەهاب و خەڵكی ئاوایی \"هاشم ئاوا\" كۆتایی بەژیانی هاتووە.

ئەو سەربازە كوردە بە هۆی بەركەوتنی گولـلە وەبەر سینگی تووشی ئەو كارەساتە بووە و فەرماندە نیزامییەكان هۆكاری ئەو مردنەیان خۆكوژی راگەیاندووە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هاوڕێ سەربازەکانی فەردین وێڕای رەتكردنەوەی ئەو هەڵوێستەی فەرماندە نیزامییەكان، رایانگەیاندووە، \"مەرگی ئەو هاوڕێیەمان گومانی لەسەرە و فەردین كەسێک نەبوو كە هەوڵی خۆکوژی بدات\".

سەرچاوەكە ئەوەشی خستۆتەڕوو، فەردین حاجی چەند رۆژ لەمەوبەر بە زۆرە ملی رەوانەی بنكەی سوپای پاسداران لە داڵانپەڕ كراوە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە تەرمی ئەو سەبازە كوردە لەساردخانەی نەخۆشخانەی (عارفیان)دا راگیراوە و رادەستی بنەماڵەكەی نەكراوەتەوە.

خۆكوژی لەنێو سەربازان و كەسانی نیزامی لەئێراندا زیاتر وەكوو دیاردەیەكی لێهاتووە و شارەزایان لەو باوەڕەدان، فشاری فەرماندە نیزامییەكان، بێ‌رێزی كردن بە سەربازەکان و هەروەها هەڵاواردن لەنێو نەتەوە جیجیاکاندا ئەو هۆكارانەن كە خێرایی بە خۆكوژی سەربازەكان بەخشیوە.

ماوەی دوو حەفتە لەمەوبەریش سەربازێكی دیكەی كورد بەناوی فەرهاد شوشوزێوە، كوڕی حەمید و خەڵكی گوندی (قەمشلوو)‌ی ورمێ‌، كەلە شاری شنۆ سەرباز بوو، بە شێوەی گوماناوی و بە زەبری چەك گیانی لەدەست دابوو.

فەرماندەرانی نیزامی پادگانی شاری شنۆ، هۆكاری گیان لەدەست دانی فەرهادیان خۆكوژی لە قەڵەم دابووە، بەڵام هاورێ سەربازەكانی فەرهاد وتبوویان، كاتێك چوونەتە سەر تەرمەكەی، هیچ جۆرە چەكێكی لێ نەبووە.

بێجگە لە دیاردەی خۆكوژی، بەكارهێنانی مادەسڕكەرەكانیش لەنێو سەربازەكاندا بۆتە باو و بەشێكی بەرچاو لەلاوەكان لە ماوەی سەربازییەکەیاندا تووشی مادە سڕكەرەكان دەبەن.

لێپرسراوی رێكخراوی \"وەزیفەی عموومی ناجا\" وێڕای داپێدانان بە ئێعتادی سەربازەكان، وتبووی: \" ئێمە لەهەوڵی ئەوەداین ئەو سەربازانەی تووشی مادە سڕكەرەكان دەبن لە كەسانی دیكەیان جیا بكەیەنەوە\"، محەممەد جەواد زادە هیچ ئاماژەیەكی بە چۆنیەتی تووشبوونی ئەو لاوانە لەنێو پادگانە نیزامیەكاندا نەكردبوو.