مەرگی ناسروشتیی ٨٢٩ هاووڵاتیی کورد لە کرماشان تۆمار کراوە

19:42 - 12 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەز سەرجەم هەزار و سەد و هەشتاو هەشت کەس لە ئوستانی کرماشان بە شێوەی سروشتی و ناسروشتی گیانیان لە دەست داوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٨٢٩ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان بەهۆی مەرگی ناسروشتییەوە گیانیان لە دەست داوە.

رووداوی هاتووچۆ، سووتان، رووداوی کار، کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی و تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی مەرگی ناسروشتی هاوڵاتییانی کرماشان لە قەڵەم دراوە.

هەر لەو ماوە زەمەنییەدا مەرگی سروشتیی ٣٥٩ هاوڵاتیی کورد لە پزیشکی دادوەریی ئەو ئوستانە تۆمار کراوە.

بەپێی ئاماری تایبەت بە مەرگی ناسروشتی لە ئوستانی کرماشان، رووداوی هاتووچۆ، سووتان و ماددە هۆشبەرەکان بە ریز هەرکام ٤٧١، ١٠٧ و ٨١ کەس، زۆرترین حاڵەتەکانی ئەو ئامارە پێک دێنن.

لەو خاڵانەی کە لە راپۆرتی دوکتور ئارەش سالاری بەرپرسی پزیشکی یاسایی کرماشان جێگەی سەرنجن، ئاماژەی بە شەڕ و کێشەی هاووڵاتییان کردووە، کە لەو ماوەیەدا ١٤ هەزار و ٦٣ کەس سەردانی ئەو دامەزراوەیان کردووە.

لە بابەتی مەرگی ناسروشتیی هاووڵاتییانی کورد لە ئوستانی کرماشان، ١٨٩ کەسیان ژنان پێکی دێنن، کە رووداوی کار و بەرق گرتووی لە سەر ئەو ئامارە تۆمار نەکراوە.

حەشیمەتی ئوستانی کرماشان بە پێی ئاماری فەرمیی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، یەک میلیۆن نۆسەد و چل و پەنج هەزار و ٢٢٧ کەس مەزەندە کراوە کە ٩٦٣ هەزار و ٤٤٧ کەسیان ژن بوون.

هەروەها لە بەفرانباری ئەمساڵدا، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادوەریی وڵاتی ئیران رایگەیاند؛ لە ٨ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا سەرجەم ٢٦ هەزار و ٦٤٧ حاڵەتی مەرگی ناسروشتیی هاووڵاتییانی ئیرانی تۆمار کراووە.