مەرگی مێرمنداڵێكی كورد بەهۆی نەبوونی دەرزیی دژەژەهر

16:56 - 17 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: لەشاری ئیلام مێرمنداڵێكی تەمەن ١٥ ساڵەی كورد بە هۆی پێوەدانی دووپشك و نەبوونی دەرزیی دژەژەهر و بێبەری بوونی ئەو شارە لە كەلوپەلی پزیشكی، گیانی خۆی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١٦‌ی پووشپەڕ مێرمنداڵێكی ئیلامی بەناوی ئارمین محەمەدیان بەهۆی پێوەدانی دووپشكەوە لەئاوایی \"ئاوهەنار\" كۆتایی بەژیانی هات.

مەرگی ئەو هاووڵاتییە لەكاتێكدا بووە، بە هۆی نەبوونی ئیمكاناتی پزیشكی لە ئاوایی ئاوهەنار و هەروەها كێشە و تێكچوونی تاقیگەی بهیاری بەخشی \"موورمووری\"، نەخۆشەكە لەرووی ناچاری لەماڵەوە چاوەدێری كراوە.

لەكاتی گەڕاندنەوەی ئارمین بۆ ماڵەوە، ژەهری دووپشكەكە سەرجەم جەستەی گرتۆتەوە و تێكەڵ بە خوێنی بووە و دواتر دەستبەجێ‌بردراوەتە شاری ئابدانان و لەوێشەوە رەوانەی ناوەندی بێهداشتی ئوستان كراوە.

دێهێاری ئاوایی ئاوهەنا لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی مێهر، پێڕانەگەیشتنی پزیشكی بە هۆكاری مەرگی ئەو مێرمنداڵە لەقەڵەم داوە و وتوویەتی: نەبوونی ئامبووڵانس لە بەخشی موورمووری، هۆكارێكی دیكەی ئەو رووداوە دڵتەزێنەیە.

بەوتەی محەممەد كەمەری، پێشتریش چوار كەسی دیكە بەهۆی ژەهری دووپشكەوە گیانیان لەدەست داوە و سەرەڕای نووسینی نامە و ئاگاداركردنەوەی ناوەندە پێوەندیدارەكان، تەنانەت دەرزی دژەژەهر لە بەخشی موورمووری و ئاوهەناریش دەست ناكەوێ‌.

یەكێك لەئەندامانی لێژنەی زانستی زانكۆی ئیلام لە پەرچەكردار بە مەرگی ئەو مێرمنداڵە وتوویەتی: دانیشتوانی ئەو ئاواییە خەڵكانێكی زەحمەتكێش و میهرەبانن، بەڵام لە هەموو خزمەتگوزارییەک بێبەرین.

مەوادی نێوان ئاوایی ئاوهەنار هەتا بەخشی موورمووری ١٥ كیلۆمیترە و لەوێوە هەتا شارستانی ئابدانانیش ٥٠ كیلۆمیترە.

كەمیی ئیمكاناتی بێهداشتی و كەرەسەی دەرمانی لەزۆربەی ناوچە كوردنشینەكان بۆتە قەیران و هاووڵاتییانی كورد بە بەردەوامی مەترسیی گیانیان لەسەرە.

رۆژی رابردووش ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاوی كردبۆوە، كە شارستانی سەرپێڵ زەهاو لەئوستانی كرماشان تەنیا پزیشكێكی منداڵانی هەیە و نەخۆشخانەی ئەو شارەش لەوەرگرتنی منداڵ خۆی دەبوێرێ‌.