مەرگی لاوێكی یارسانی لەپادگانێكی نیزامیی سەر بە سوپای پاسداران

14:35 - 6 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: سەربازێكی پەێڕەوی ئایینی یاری بە هۆی \"كەمتەر خەمی لە ناردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەكان\" لە پادگانێكی نیزامی لە سەرپێڵی زەهاو گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لاوێكی یارسانی بەناوی (یاسر زراعی میرحساری) كوڕی كازم خەڵكی ئاوایی \"بزمیراوا\" كە لە پادكانی ئەبووزەری شارستانی سەرپێڵ سەڕقاڵی تێپەڕ كردنی سەربازی بووە بەهۆی ئازار و نەخۆشیی ئێسقانەكانیەوە كۆتایی بەژیانی هاتووە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئەو سەربازە بەر لەگیان لەدەست دانی چەندین جار داوای مەرەخسی و ناردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەكان كردووە، بەڵام داواكەی لەلایەن فەرماندە نیزامییەكانەوە رەت كراوەتەوە.

\"22902.jpg\"
یاسر زراعی میرحساریبەهۆی ئازار و نەخۆشیی ئێسقانەكانیەوە كۆتایی بەژیانی هاتووە
سەرچاوەكە ئەوەشی خستۆتەڕوو، رۆژی هەینی رێكەوتی ٢‌ی خەزەڵوەر لەسەر پێداگریی هاوڕێ سەربازەکانی، یاسر رەوانەی نەخۆشخانەی سەپێڵی زەهاو کراوەو بەر لەوەی بخرێتە ژێر چاەدێریی پزیشكییەوە گیانی لەدەست دا.

هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لە سەرپێڵی زەهاوەوە رایگەیاندووە، بنەماڵەی ئەو سەربازە یارسانییە فەرماندە نیزامیەكانیان بە هۆكاری گیان لەدەست دانی رۆڵەكەیان تاوانبار كردووە.

لەو پێوەندییەدا فەرماندە نیزامییەكانی پادگانی ئەبووزەر وتوویانە، بە حوكمی تەعتیلی بوونی رۆژانی هەینی، لە ناردنی ئەو سەربازە بۆ ناوەندە دەرمانییەكان خۆمان بواردووە.

پادگانی ئەبووزەر لە ٢٠ كیلۆمیتری باشووری رۆژهەڵاتی شارستانی سەرپێڵ و لەداوێنی چیای \"دانە ویشك\" هەڵكەوتووە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا فشار و هەڕەشە بۆ سەر كۆمەڵگەی یارسان لەحكوومەتی ئیسلامی ئێراندا زیادی كردووە و هەتا ئێستا چەندین جار بێڕێزی و سووكایەتی بە دژی لایەنگرانی یارسان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی ـ نیزامیەیكانەوە رووی داوە.