مەرگی بە کۆمەڵی سوورە قورینگ لەشاری مەهاباد + وێنە

16:16 - 24 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەکی بەرچاو باڵەندەی سوورە قورینگ بە هۆی بەرکەوتنیان بە کابلی فشارقەوی بەرق، لەنزیک بەنداوی مەهاباد لەناو چوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣‌ی سەرماوەز، دەورووبەری بەنداوی شاری مەهاباد شایەتی لەناوچوون و مەرگی ٥٠ سوورە قورینگ بوو.

لەچەند رۆژی رابردوودا بە هۆی بارینی بەفری زۆر و سەما و سۆڵ، باڵەندەکانی باشووری ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بۆ دەورووبەری بەنداوی مەهاباد و ناوچەی سەردەشت کۆچیان کردووە.

بەرپرسی ئیدارەی ژینگەپارێزی شارستانی مەهاباد بە هەواڵدەریی \"ئیرنا\"‌ی وتووە، بەهۆی کڕێوە، تەم‌ومژ و کەمبوونەوەی مەوادی بینین، فلامینگۆکان لەگەڵ کابلەکانی بەرق بەریەک کەوتوون و بەو هۆیەوە ٥٠ باڵەندە لەناوچوون.

بەپێی بڕیاری پێشوو، ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەک لەئەندامان و لایەنگرانی دامەزراوەی ژینگەپارێزی دانەوێڵە و خواردەمەنی لە نزیک \"تاڵاوی کانی بەرازان\"‌ی مەهاباد بۆ باڵەندەکان بڵاودەکەنەوە.

تاڵاوی کانی بەرازان بە رووبەری ٩٠٠ هێکتار لە ٣٠ کیلۆمیتری شاری مەهاباد و لەنزیک ئاوایی خوڕخوڕەی ناوچەی شاروێران هەڵکەوتووە.

ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو باڵەندەی کۆچەری بۆ تاڵاو و ئاوەکانی دەورووبەری شاری مەهاباد کۆچ دەکەن.
\"17406.jpg\"

\"17407.jpg\"

\"17408.jpg\"

\"17405.jpg\"