مەرگی بەکۆمەڵی بنەماڵەیەکی کورد لە ورمێ

22:04 - 7 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی بنەماڵەیەکی سێ کەسی لەشاری ورمێ بە شێوەیەکی \"گوماناوی\" گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەئێوارەی رۆژی دووشەممە پێنجەمی جۆزەردان، تەرمی سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی کورد لە گوندی پیرانجخ دۆزرایەوە.
ئەو بنەماڵەیە لە باوک، دایک و منداڵێکی کەم تەمەنی پێک هاتبوو.

هەواڵنیری کوردپا لە شاری ورمێ، مردنی ئەو بنەماڵە کوردەی \"گوماناوی\" راگەیاندووە و بەپشتبەستن بە لێدوانی خەڵکی خۆجێی ناوچەکە رایگەیاند: مەعاف نەقشین باوکی ئەو خێزانە توشی نەخۆشی دەروونی هاتبوو.

هەروەها، پزیشکی یاسایی شاری ورمێ هەتا ئێستا هۆکاری مردنی ئەو بنەماڵە کوردەی رانەگەیاندووە.

هاوڵاتییەکی دانیشتووی شاری ورمێ لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند: کە باوکی ئەو بنەماڵەیە بەناوی مەعاف سەرەتا ژن و منداڵەکەی کوشتووە و دواتر خۆشی کوشتووە.

دەگوتریت کە منداڵی ئەو بنەماڵەیە بە روبانێکی رەنگی خنکێندراوە.
ئاژانسی کوردپا راستی و دروستی ئیدعای ئەو هاوڵاتییە پشتراست ناکاتەوە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، پۆلیسی شاری ورمێ هیچ زانیاری و راپۆرتێکی لەسەر مەرگی بەکۆمەڵی ئەو بنەماڵە کوردە بڵاو نەکردووەتەوە.