مەرگی بابەك قوربانی قارەمانی \"كشتی\" جیهان، لەناو زیندانی كرماشان

19:02 - 25 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: وەرزشكاری كورد و قارەمانی فەرەنگی كاری یانەی میللیی زۆرانی ئێران لە زیندانی ناوەندی كرماشان لەرێگەی خواردنی حەبەوە كۆتایی بەژیانی هات.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شەوی رابردوو بابەك قوربانی قارەمانی \"كشتی (زۆران)\"ی فەرنگی كار كەماوەی نزیك بە دوو ساڵ بوو بە تاوانی \"قەتڵ\" لەناو زیندان دابوو، كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

دەوترێت قوربانی دوای ئەوەی حوكمی \"قەساس\"ـەكەی پێ‌راگەیەندراوە دەستی داوەتە خۆكوژی.

قوربانی لەمانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩١ لەگەڵ براكەی بە مەبەستی راوكردن چووبوونە بەرزاییەكانی شاری كرماشان و لەشوێنێك بەناوی \"نجوبران\" لەگەڵ چەند كەس بەكێشە هاتبوو و لەئەنجامدا بە چەكی ڕاو كەسێكی كوشتبوو.

\"23182.jpg\"
بابەك قوربانی دوای ئەوەی حوكمی \"قەساس\"ـەكەی پێ‌راگەیەندراوە دەستی داوەتە خۆكوژی
بەرپرسی گشتیی زیندانەكانی ئوستانی كرماشان وێڕای پشتڕاست كردنەوەی هەواڵی خۆكوژی ئەو وەرزشكارە بە هەواڵدەریی \"تەسنیم\"ی وتووە، رۆژی رابردوو باوكی بابەك مەلاقاتی كوڕەكەی كردووە و دوای ئەو چاوپێكەوتنە بابەك حەبێكی زۆری خەوهێنەری خواردووە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

دادستانی گشتیی و ئینقلابی كرماشان رایگەیاندووە، دەوترێت كە بابەك چەند رۆژ پێش ئێستا لەگەڵ یەكێك لەهاوبەندییەكانی لەناو زینداندا بڕیاری خۆكوژی دەدەن و ئەو هاوڕێیەی بەر لەو دەستی دابوویە ئەو كارە و كۆتایی بەژیانی خۆی هێنابوو.
ژمارەیەك لە وەرزشكارانی كرماشانی بە بەردەوامی لەهەوڵی ئەوەدابوون كە بتوانن بنەماڵەی كوژراوەكە رازی بكەن لە بابەك خۆشبن.

بابەك قوربانی لەكێشی ٩٦ كیلۆدا قارەمانی ساڵی ٢٠١٠ی جیهان و قارەمانی یارییەكانی ئاسیا و هەروەها قارەمانیەتی جامی جیهانی ٢٠١١ی بلارووسی لەكارنامەی خۆیدا هەبوو.
\"23202.jpg\"