مەحموود ساڵحی بە ٩ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

14:39 - 26 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: دادگای \"ئینقلاب\"ی شاری سنە مەحموود ساڵحی چالاکی کرێکاریی کوردی خەڵکی شاری سەقزی بە ٩ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ساڵحی بە تۆمەتی بەشداریی و ئەندامەیەتی لە دامەزراوەکانی نەیاری نیزام بە ٧ ساڵ و نیو، هەروەها بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بە دژی حکوومەتی ئێران بە یەک ساڵ و نیو مەحکووم کراوە.

ئەو حوکمە لەلایەن لقی یەکی دادگەی سنە بە دادوەریی سەعیدی بە مەحموود ساڵحی راگەیەندراوە.

\"28663.jpg\"
مەحموود ساڵحی لە زیندان تووشی نەخۆشی گورچیلە بووە
لەو بارەیەوە کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، ئەو چالاکە کرێکارییە لە بوونی پارێزەر بێبەری بووە.

مەحموود ساڵحی ئەندامی کۆمیتەی هاودەنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان و وتەبێژی کۆمیتەی پشتیوانی لە رەزا شەهابی و بێهنام ئیبراهیم زادە بە بەردەوامی زەخت و فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی لەسەر بووە.

ئەو چالاکە کرێکارییە لە ساڵەکانی ١٣٦٧، ١٣٧٢ و ١٣٧٤ سەرجەم شەش ساڵ زیندانی کێشاوە و زۆر جاریش هەبووە کە بۆ ٥ مانگ و شەش مانگ لە گرتووخانەکاندا بێ ئەوەی چارەنووسی دیار بێت راگیراوە.

مەحموود ساڵحی ماوەیەک لەمەوبەریش خرایە زیندانەوە و بەو هۆیە تووشی نەخۆشی گورچیلە هات و هەتا ئیستاش ئەو نەخۆشییەی چارەسەر نەکراوە.