مەجید کەریمی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا

17:49 - 17 جۆزەردان 2722

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، "مەجید کەریمی" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- سنە و کەڵاتەرزان، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ئەو چالاکە سێنفییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردان، "مەجید کەریمی" لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایان لە سنە، بۆ بەدواداچوون لەمەڕ بارودۆخی "مەسعوود فەرهیختە" لە بەردەم بینای ئیتلاعاتی سپا کۆ بوونەوە و لەلایەن چەند کەس لە لیباس شەخسییەکان بە ماشینێک لە جۆری "پێژۆ" ڕفێندرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردان، مامۆستایان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەرانبەر بینای ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە سنە بەڕێوە برد و خوازیاری ئازادکردنی مامۆستایانی زیندانی و وەدەستهێنانی مافەکانیان بوون.

مامۆستایان لەو کۆبوونەوەیەدا ناڕەزایەتیی خۆیان لەمەڕ دەسبەسەرکردنی مەسعوود نیکخا، ئەسکەندەر لوتفی و شەعبان محەممەدی، لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان کوردستان- مەریوان دەربڕی و بە دانی دروشمی "مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت" خوازیاری ئازادکردنی بێمەرجی مامۆستایانی زیندانیکراو بوون.

هەروەها بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لەلایەن "مەجید کەریمی" لەمەڕ پشتیوانی لە مامۆستایانی زیندانیکراو خوێندرابووەوە.