مەترسیی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد

14:43 - 12 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: پارێزەری دۆسییەی زیندانییەکی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، بڕیاری کۆتایی حوکمی لەسێدراەدانی بریگرتەکەی \"موکل\" پشتڕاست کردەوە.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری دۆسییەی ڕامین حوسێن‌پەناهی زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە ئاماژەکردن بە \"ئەگەری لەسێدارەدانی بریگرتەکەی ڕایگەیاند: \"ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی بانەمەڕ بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دوایین بارودۆخی ڕامین حوسێن‌پەناهی سەردانی بەڕێوەبەریی دیوانی باڵای وڵاتم کرد و بەداخەوە لە حوکمی کۆتایی دادگا سەبارەت بە ئێعدامی ڕامین ئاگادار کرام و دۆسییەکەی ڕامین ڕەوانەی لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی شاری سنە کراوە\".

ناوبراو هەرەوەها دەڵێت: \"ئەنوەر حوسێن‌پەناهی، براگەورەی ڕامین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ من زۆر نیگەرانە. ئەحمەدی‌نیاز هەروەها وتی: ئەفشین حوسێن‌پەناهیش برای ڕامین ئەو حوکمەی پشتڕاست کردووەتەوە و شیمانەی ئەوەی کرد، کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕ، ڕامین ئیعدام بکرێت.

هەڵبەت بڕیاری دیوانی باڵای وڵات بە من \"حوسێن ئەحـمەدی نیاز\" ڕانەگەیەندراوە، ئێستە من سەردانی زیندانی ناوەندیی شاری سنە دەکەم و بۆ بەدواداچوونی ڕاست و درۆی ئەو هەواڵە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرینگە گیانی ڕامین لە مەترسیدایە و ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو هەیە\".

ئەو پارێزەرە پلە یەکەی دادگوستەرییە، لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: \"ئەم ڕەوتە بە نیسبەت دۆسییەی ڕامین جێگەی نیگەرانییە و ئەم هەوڵەش پێچەوانەی بنەماکانی ئوسووڵی حقووقی و یاساکانی ئێرانە و بۆ ڕزگار کردنی ڕامین هەوڵ دەدەین\".

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات لە شاری قوم، حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی پشتڕاست کرایەوە.

ڕامین حوسێن‌پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە، بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەسبەسەر کرا و پێشتریش حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری و پارێزەری دۆسییەی ڕامین حوسێن‌پەناهی، بە ئاماژەکردن بە دەرکردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین، لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: \"ڕامین حوسێن‌پەناهی بە تاوانی \"بغی\" و ئەندامبوون لە کۆمەڵە بە ئێعدام بە سێدارە لە حەوشی زیندانی سنە مەحکووم کراوە\"، کە دوای تەواوبوونی قۆناغی دەرمانی لە نەخۆشخانەی شاری سنە، بۆ گرتووخانەی سپا گوازرایەوە.\"