مەترسیی دیپۆرت کردنەوەی چالاکێکی سیاسی لە وڵاتی فینلاند بۆ ئێران

20:58 - 5 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسیی کورد، دانیشتووی وڵاتی فینلاند لەگەڵ ئەگەری دیپۆرت کردنەوەی بۆ ئێران بەرەوڕوویە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"سلێمان ئیبراهیم پوور\"، چالاکی سیاسیی کورد، دانیشتووی وڵاتی فینلاند لەگەڵ حوکمی دیپۆرت کردنەوەی ئەو وڵاتە بۆ ئێران بەرەوڕوویە و لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر بۆ فڕۆکەخانەی هلسینکی گوزراوەتەوە.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێرانە و ساڵی ٢٠١٣ی زایینی لە وڵاتی فینلاند وەکوو پەناخواز داوای مافی پەنابەری کردووە و داواکارییەکەی ناوبراو چەند جار لە لایەن ئیدارەی کۆچ و کۆچبەریی ئەو وڵاتە ڕەت کراوەتەوە و حوکمی دەسبەسەر کردنی ناوبراو لە لایەن ئەو ئیدارەیەوە دەرچووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەو چالاکە سیاسییە کوردە پاش نزیکەی چوار مانگ لە دەسبەسەری لە کەمپێکی داخراودا، بەرەو فڕۆکەخانەی هلسینکی بە مەبەستی دیپۆرت کردنەوەی ڕەوانە کراوە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"لە ئەگەری دیپۆرتی سلێمان ئیبراهیم پوور بۆ ئێران، ناوبراو لەگەڵ سزای قورسی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران بەرەوڕوو دەبێتەوە\".